ناوچەی پیشەسازی ماڵتا دەکرێتە پارک
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
زەوی ناوچە پیشەسازییەکەی دهۆک دەکرێتە پارک، ئەگەرچی هێشتا بە تەواوەتی چۆڵ نەکراوە.
دوای تەواوکردنی ناوچە پیشەسازییە نوێیەکی ئالۆکا، بڕیار بوو سەرجەم پیشەوەرانی ناوچەی پیشەسازی ماڵتا بیگوازنەوە بۆ شوێنە نوێیەکەیان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێک لە پیشەوەران چۆڵیان نەکردووە.
رووبەری ناوچەی پیشەسازی ماڵتا کە 10 دۆنم دەبێت و 60 ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە و زیاتر لە 250 دوکانی لێیە، بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە ناو سەنتەری شارەوە، بڕیاردرا ناوچەیەکی تری پیشەسازی لە دەرەوەی شار بۆیان دروستبکرێت و شوێنە کۆنەکەش بکرێتە پارک.
160 دوکانداری فیتەر ناڕازین لە گواستنەوەی دوکانەکەیان و دەڵێن ناکرێت هەموو خاوەن دوکانەکان وەک یەک قەرەبوو بکرێنەوە.
یەکێک لە فیتەرەکان قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، بەشێکمان ئەمساڵ دوکانەکانمان نۆژەن کردووەتەوە، ناکرێت هەموومان وەک یەک قەرەبوو بکرێینەوە.
لەسەر ئەو پرسە لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران لە گفتوگۆ دایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان.
وەڵات ئەمین، سەرۆکی لقی دهۆک سەندیکای کرێکاران بە 964ـی وت، تا ئێستا لە دانوستانداین لەگەڵ فیتەرەکان، چونکە ئەوان داوای شوێنێکی فراوان دەکەن.
ناوچەی پیشەسازی ماڵتا، زیاتر فیتەری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لێیە، بۆیە داوای رووبەری فراوان دەکەن بۆ کارەکەیان.
بە کردنەوەی ناوچە پیشەسازییەکە نوێیەکەی ئالۆکا، ئێستا لە دهۆک سێ ناوچەی پیشەسازی هەیە ئەوانیش ماڵتا و ئالۆکا و ئەوەی پشت پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل، بەڵام ئیدارەی شارەکە رازی نییە بەمە و دەڵێن، دەبێت تەنیا دوو دانە بمێنێت و ئەوەی ماڵتا تێکدەدرێت و دەکرێتە پارک.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق