پیاوێکی 66 ساڵە نایەڵێت وتار و زانیارییەکانی پیرەمێرد لەناوبچن

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بە سەدان وتار، لەگەڵ کورتە هەواڵ و زانیاری، کە بایەخی مێژووییان هەیە و لە بڵاوکراوەکانی پیرەمێردن، لە لەناوچوون دەپارێزرێ.

سدیق ساڵح، نووسەر و لێکۆڵەر، کە ئێستا تەمەنی 66 ساڵە، بە ئەوینەوە لە ساڵی 2013وە سەرقاڵی کارەکەیە و بڕیارە ئەمساڵ لە چوارچێوەی چەند بەرگێک وتار و زانیارییەکان چاپ بکات.

لە هەریەک لە رۆژنامەکانی، کورد تەعاون و تەرەقی گەزەتەسی، ژیان و ژین وتارەکان دەرهێندراون، بنکەی ژین هاوکار بووە لە سەرخستنی پرۆژەکە، تا ژمارە یەک هەزار و 15 و تا کۆچی دوای پیرەمێرد سوود لە رۆژنامەکان وەرگیراوە.

هەموو ئەم کارانە بۆ تۆفیق مەحمود ئاغای هەمزەئاغای مەسرەف (پیرەمێرد)ە، کە شاعیر، نووسەر و رۆژنامەنووسی کوردە و هەرکات باسی نەورۆز و بەرگری و پەند بکەین، دەبێت ناوی ئەو لە سەرەوەی ریزبەندییەکە بهێنرێت.

بۆ ئەو پرۆسەیە سدیق ساڵح، وەک قۆناغی یەکەم سەرجەم وتارەکانی لە نێو دە دەفتەردا نووسیوەتەوە، ئێستا لە چوارچێوەی چەند بەرگێکدا هەمووی بە ئەلیکترۆنی کردووە و پەراوێزیشی بۆ هەندێک لە وشەکان کردووە.

بە لایەنی کەمەوە لە هەر ژمارەیەکی رۆژنامەکاندا پیرەمێرد دوو وتاری هەبووە، سدیق ساڵح بە 964ی وت، “من تەنیا وتارەکانی پیرەمێردم کۆکردووەتەوە، لەگەڵ هەندێک نووسین، کە بەهای مێژووییان هەیە، لەوانە (هەواڵ، زانیاری و کورتە قسە و چیرۆک)”.

ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە، خەمی دڕان و ماندووبونی رۆژنامەکان وایکردووە هەنگاو بۆ نووسینەوەیان دەستپێبکات، ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمە تاکە رێگە بوو تا نووسینە ئاستبەرزەکانی پیرەمێرد لە لەناوچوون بپارێزێ، لە رێگەی گێڕانەوە و وەسفکردنی وشەکان هەوڵم داوە خوێنەری گەنج بۆ کتێبەکە پەلکێش بکەم”.

لە بارەی پەیامەکانی پیرەمێردەوە، هەوڵم داوە رۆژنامەکان بکەم بە سەکۆیەک تا لە رێگەیەوە پەیام و قسە و پەند و داواکاری و زانیارییەکان بە کۆمەڵی” کوردەواری بگەیەنم، باسی دامەزراندنی خەڵک، ئابووری و یاسا، هەروەها سەرگوزشتە و خەمی رۆژانەی خەڵکیش بەشێک بوون لێی”، سدیق ساڵح وای وت.