کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەبردرێتە ئیدارە سەربەخۆکانیش

964+

فەرمان سادق

دوای دانانی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، قۆناغی دواتر کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگاکانی دەرەوەی ئیدارە سەربەخۆکانیش دادەنرێت.

لە ئێستا پڕۆسەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە بەشێکی شەقامی 120 مەتری هەولێر و رێگەی دوکان بۆ سلێمانی دانراوە، هاوکات ئامادەکاری دەکرێت تەواوی شەقامی 120 مەترییەکەی هەولێر، هەروەها رێگای سلێمانی بۆ چەمچەماڵیش کامێرای خاڵ بۆ خاڵی بۆ دابنرێت، لە سنووری پارێزگای دهۆکیش بڕیاری دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەرچووە.

مەرجی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ ئەوەیە کە شەقامە دووساید بێت و هیچ تاسەیەکی تێدا نەبێت و درێژیەکەشی لە شەش کیلۆمەتر کەمتر نەبێت.

مقەدەم موحسین تەحسین، وتەبێژی هاتوچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964ـی وت، بەگوێرەی زانیارییەکانی هەیە دوای پارێزگاکان لە ئیدارە سەربەخۆکانیش دادەنرێت، یەکەم شوێنیش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەبێت بەهۆی ئەوەی شەقامی دووسایدی زۆرە.

دەشڵێت: پەیوەند بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رەنگە یەکەم شوێن کە کامێرای خاڵ بۆ خاڵی لێدابنرێت، دووسایدی سپیلک بۆ خەلیفانە کە درێژییەکەی لە شەش کیلۆمەتر زیاترە، بەڵام ئێستا لە دروستکردن دایە و هێشتا تەواو نەبووە.