“یەکێک لە بکوژانی کاوە گەرمیانی تیرۆر کراوە”

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای نۆ ساڵ لە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، شیرین ئەمینی هاوژینی دەڵێ؛ یەکێک لە بکوژانی کاوە گەرمیانی تیرۆرکراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە پێنجی کانونی یەکەم، بە ئامادەبوونی بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان و خانەوادە و ھاوڕێیانی شەھید کاوە گەرمیانی، یادی نۆ ساڵەی شەھیدکردنی ئەو رۆژنامەنووسە لەسەر گۆڕەکەی سازکرا.

شیرین ئەمین، ھاوسەری رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو بە +964  وت ”یەکێک لە بکوژانی کاوە گەرمیانی لە زیندان دایە، تاوانباری دووەمیش تیرۆر کراوە”.

زیاتر وتی “بەڵام بەرپرسی سەرەکی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی کە دەسەڵاتدارە لە ئاستی باڵا، هێشتا دەستگیر نەکراوە”.

سەبارەت بە نوێترین زانیاریەکان لەسەر کەیسی کاوە گەرمیانی، شیرینی ھاوسەری دەڵێت ”ئەو تاوانبارەی ئێستا لە زیندانە تەواوی چیرۆکی تیرۆرکردنەکەی بۆ باسکردوین و ناوی کەسێکیتری پێدابووین کە ھاوکار بووە لەگەڵی، بەڵام بۆ ئەوەی دادگا نەتوانێت دەستگیری بکات و دۆسیەکە ون بکرێت، تاوانباری دووەم تیرۆرکراوە و ئێستا لە ژیان نەماوە”.

کاروان ئەحمد، برای شەھید کاوە بە +964 وت ”بەرپرسەکان خۆیان باوەڕیان بە دادگا نیە، ئێمەش باوەڕمان پێی نیەو وەک خێزانی کاوە گەرمیانی خۆمان کار لەسەر کەیسەکە دەکەین”.