بەبێ هەڵکردنی لایتی ئۆتۆمبێل بە تونێلی دەربەندیخاندا تێپەڕە

964+

توانا نەقی – هەولێر

زیاتر لە دوو مانگە  نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان بەردەوامە، لە کاتێکدا پێشتر وترابوو نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە یەک مانگی پێدەچێت، بەڵام تائێستا نەکراوەتەوەو رێگای سەر شاخی بارانان کە ڕێگایەکی پڕمەترسییە بۆ شۆفێران بەکاردەهێنرێت.

سلێمان سەعید، قایمقامی دەربەندیخان بە 964+ـی وت؛ بەشی زۆری کاری نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەواو بووە، لە ١٠ رۆژی داهاتوودا کاری نۆژەنکردنەوەکەی تەواو دەبێت و بەزوترین کات بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.

سەبارەت بە شێوازی نۆژەنکردنەوەکە سلێمان سەعید، زیاتری ووت؛ نۆژەنکردنەوەکە پێکهاتووە لە پڕکردنەوەی کوون وکەلێنی تونێلەکە بەتەواوەتی، دانانی بۆری بۆ ئەو شوێنانەی کە ئاوی لێدەڕۆشت و زیادکردنی مەنهۆڵ وەکو دەرچەیەک بۆڕۆشتنی ئاو، دانانی رووناکی لە سەقفی تونێلەکە بە شێوازیك کە ئۆتۆمبێل پێویستی بە ڕوناکی خۆی نیە، هەروەها قیرتاوکردنی دووبارەی ناو تونێلەکە.

تونێلی دەربەندیخان لە ساڵی ١٩٩٥ درووستکراوە، درێژییەکەی ٧٢٠ سەدو بیست مەترە، چەندین جار تونێلەکە بە رووداوی هاتووچۆ و رووداوی سروشتی خراپ بووە، لە دواینجاردا لە چواری تشرینی یەکەم، دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە کە دەبوو لەماوەی مانگێک تەواو ببێت، بەڵام دوو مانگی بەسەردا تێپەڕیوەو تا ئێستاش کارکردن تێیدا بەردەوامە.