بەهۆی لێچوونی غاز کافتریای زانکۆی سلێمانی چۆڵکرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە کافتریای کەمپە نوێیەکەی زانکۆی سلێمانی چەند خوێندکارێک بۆنی غازیان کردووە و تیمەکانی بەرگری شارستیانیان لێئاگادار کردووەتەوە، لەترسی تەقینەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چوونەتە شوێنەکە و کافتریاکە چۆڵکراوە.

د.پێشڕەو حەمەجان، جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، غازەکە بۆ چێشتلێنان لەلایەن کافتریاکەوە بەکارهاتووە و هەموو غازی نێو تانکییەکە کە لە جۆری LPGیە بەتاڵکراوە.

پێکهاتەی LPG لەكۆمەڵێك گازی هایدرۆكاربۆنی سوتێنەر پێكهاتووە، لە رێگەی فشاركردنەوە شل دەبن و وەک غاز بەشێوەیەكی باو بۆ گەرمکەرەوەی شۆڤاژ و سوتەمەنی بەكاردەهێنرێت.

بەپێی زانیارییەکانی 964+، نزیکی کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ لێچوون هەبووە لە سیستمی غازی بەشی خواردنگەی کافتریای ناوەندی زانکۆکە و لەلایەن کۆمپانیای “گرین گاز” بە خۆبەخشانە لێچوونەکە چارەسەر کراوە.

لێچوونەکە لەو بۆرییانەدا بووە کە غازەکە بۆ کافتریا دەگوازێتەوە و جێگری سەرۆکی زانکۆکە بە 964+ی وت بۆ ئەوەی پەستان لەسەر بۆرییەکان دروست نەبێت و لێچوونەکە بووەستێت غازەکە بەتاڵکراوە.

مانگی رابردوو لە ماوەی یەك هەفتەدا لە سلێمانی و دهۆک، بەهۆی تەقینی غاز ٢٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٣ كەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش ترسی لەلای هاوڵاتییان دروست کردووە.

لەئێستادا قایمقامییەتی سلێمانی لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە کە بەدواداچوون دەکات بۆ شێوازی دانانی سیستەمی غاز لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان، ئەگەر دەرکەوت کێشەیان هەیە ئەوە کۆمپانیای جێبەجێکار روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.