148 کۆمپانیای بەریتانی لە هەرێمی کوردستانن

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی بازرگانیی هەرێم دەیەوێت لە رێگەی دیدارێکی ئابوورییەوە، سەرنجی بازرگانانی بەریتانی رابکێشێت تا کۆمپانیا بازرگانیەکانیان لە هەرێم زیاتر بکەن، کە ژمارەی کۆمپانیا بەریتانییەکان لە هەرێم گەیشتووەتە 148 کۆمپانیا.

ماوەی دوو رۆژە لە شاری لەندەن پایتەختی بەریتانیا، دیدارێکی بازرگانی بۆ پەرەپێدانی ئاستی بازرگانیی نێوان هەرێم و بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانیی هەرێم بەشداری دیدارەکەیە، بە ماڵپەڕی وەزارەتی بازرگانی وتووە، “دەمانەوێت زۆرترین کۆمپانیا و تەکنۆلۆژیای بەریتانی ئەزموونەکانیان بهێننە کوردستان”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ماردین ئەبوبەکر وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، ئامانجی ئەو کۆڕبەندە ئەوەیە رێژەی کاری بازرگانیی بەریتانی لە هەرێم زیاتر بکرێت، هاوکات شاندەکەی وەزارەتی بازرگانی ئەو کارئاسانیانەی هەرێم دەیکات، بۆ کۆمپانیا بیانییەکان و بۆ بازرگانانی بەریتانیا رووندەکاتەوە.

بە گوێرەی ئاماری تۆماری کۆمپانیاکان، ساڵی رابردوو سێ هەزار و 314 کۆماپانیای بیانی لە هەرێم تۆمارکرابوون، کە بەشی زۆری ئەو کۆمانیایانە تورکی بوونە.