"لە سلێمانییەوە دێن"

مریشکی “قلرخ” کێبڕکێی نرخی بازاڕ دەکات

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

نرخی مریشک لە قلرخ هاوشێوەی نییە، لە کێڵگە بە چەند بیکڕن بە هەمان نرخ بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، تەنیا حەقدەستی پاککردنی لێ وەردەگرن.

قلرخ، گوندێکە لە دەروازەی قەزای سەیدسادق و 45 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سلێمانی، ژمارەی مریشکفرۆشەکانی نزیکەی 100 دوکانە.

ئێستا کە لە بازاڕدا مریشک یەک کیلۆی بە سێ هەزار و 250 دینارە، لە قلرخ دۆخەکە پێچەوانەیە و یەک کیلۆ بە دوو هەزار و 700 بۆ دوو هەزار و 900 دینارە.

هۆشمەند ئەحمەد، یەکێکە لە مریشکفرۆشەکانی قلرخ و ئەمڕۆ چوارشەممە 14.6.2023 بە 964ـی وت، لە بازاڕدا جگە لە حەقدەستی پاکكردنه‌وه‌، بۆ هەر کیلۆیەک 150 بۆ 200 دیناری دەخەنەسەر هەر کیلۆیەک، ئەمە جیاوازییەکەیە لەگەڵ مریشکی قلرخ.

بە وتەی هۆشمەند، خەڵک لە ناوچەکانی سلێمانی، پێنجوێن، ناڵپارێز، هەڵەبجە، سەیدسادق، سیروان، خورماڵ و شارەزوور و بیارەوە دێن، بۆ کڕینی مریشک وتیشی “موشتەریم هەیە 10 مریشک دەباتەوە بۆ سلێمانی”.

ئەو مریشکەی دەچێتە قلرخ لە ناوچەکانی ریشێن، ناوگردان و گرێزە بەرهەم دەهێنرێن، هەمان ئەو مریشکەیە کە لە ناوچەکانی دیکەش هەن، هۆشمەند ئەحمەد وتیشی “مریشکفرۆشی شارەكانی دیکە پێمان دەڵێن، بە هۆی ئەوەی هیچ خێرێک ناکەنە سەر مریشک، بازاڕتان کۆنتڕۆڵ کردووە”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن