سودانی وا دەڵێت:

چین و ئیمارات نیوەی غازی عێراق دابین دەکەن

964+

فەهمی نەبی

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، نیوەی ئەو غازەی ساڵانە هاوردەی دەکەین هەردوو وڵاتی چین و ئیمارات دابینی دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی کاری عێراقی -ئەمریکی ئەمەی وتووە.

سودانی دەڵێت، “دەستمان بە وەبەرهێنان لە کەرتی بەرهەمهێنانی ئەو غازە کردووە، کە دەسووتا و تێچووی ساڵانەی چوار ملیار دۆلار لەسەر عێراق دەکەوت”.

لە کۆبووەنەوەکەدا سودانی رژدبوونی عێراقی لە مانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دووپاتکردووەتەوە و وتویەتی، “رێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی ئەمریکی، توانیویەتی نیوەی پێداویستی غاز بۆ عێراق پڕ بکاتەوە”.

بە پێی ئەو راگەیەنراوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبونەوەکە هاتووە، عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ راگەیاندنی کێڵگەی شەشەمی غاز کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی عێراق روودەدات، بەجۆرێک پڕۆژەکە داهاتێکی زۆر بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە.

سەرۆکی حکومەتی عێراق وتویەتی، تا 2028 وڵاتان بەرەو جێگرەوی نەوت دەچن و عێراق وەک وڵاتێکی پشتبەستوو بە داهاتی نەوت، پێویستی بەو گۆڕانە هەیە و جێگرەوەی ئەو بوارەشی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازییە، ئەمەش بە گوێرەی راگەیەنراوەکە.

لەسەر ئاستی جیهاندا، عێراق لە پلەی 12ی ریزبەندی یەدەگی غازە، بە جۆرێک خاوەنی 132 ترلیۆن پێ شەش جایە، لە ریزبەندی وڵاتانی عەرەبیش لە پلەی چوارەمدایە دوای قەتەر، سعوودیە و ئیمارات.