بودجە پەسندکرا و دۆلار گران بوو
“پڕۆژەی بازرگانی بچووک هۆکاری دانەبەزینی بەهای دۆلارە”
964+
فەرمان سادق
بە پێچەوانەی پێشبینییەکان لەگەڵ پەسندکردنی بودجە بەهای دۆلار بەرمبەر بە دینار گرانتر بوو، وتەبێژی ئەنجومەنی دراوی سلێمانیش هۆکارەکەی بۆ جولەی بازرگانی پڕۆژە بچووکەکان دەگەڕێنێتەوە.
بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 14.6.2023، بانکی ناوەندی تەنیا 207 ملیۆن و 217 هەزار و 854 دۆلاری فرۆشتووە، لەم بڕەدا تەنیا 43 ملیۆن و 430 هەزار دۆلاری بۆ ناوخۆ بووە و ئەوەی تری کە 163 ملیۆن و 787 هەزار و 854 دۆلارە، بۆ حەواڵەی بازرگانی بووە.
تاوەکو کاتژمێر 3:25 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بازاڕی دروای هەولێر و سلێمانی بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 147,200 دینار بوو.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دروای سلێمانی بە 964ـی وت، ئەوەی خەڵک و ئێمەش چاوەڕێمان دەکرد بە پەسندکردنی بودجە بەهای دۆلار دادەبەزێت، وادەرنەچوو، چاوەڕوانییەکەمان “هەڵە بوو، دەرکەوت پەسندکردنی بودجە ئەگەرچی دڵنیایی لە جێگیرکردنی نرخەکە داوە بەڵام کافی نییە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار”.
دەشڵێت: پێویستە بانکی ناوەندی سیاسەتی نەختینەی خۆی بگۆڕێت، ئەوەی وایکردووە بەهای دۆلار دانەبەزێت جولەی بازرگانی پڕۆژە بچووکەکانە کە پێشتر بە ماستەرکارد دۆلاریان بە نرخی 132 هەزار دینار لە بانکەکان دەکڕی، بەڵام ئێستا کارکردن بەو ماستەرکاردە وەستاوە.
زیاتر وتیشی “پێشووتر ئەوان بۆ هەر مامەڵەیەکی بازرگانی 99 وەرەقەیان لە بانک وەردەگرت، بەڵام ئێستا پێیان نادرێت، بۆیە یان دەبێت لە بازاڕ دۆلار بکڕن یانیش فاتورەی شت کڕینەکانیان لە چین و تورکیا بدەنە کۆمپانیا زەبەلاحەکان بۆ ئەوەی دۆلاریان بە 132 هەزار دینار دەستکەوێت”.
پێش پەسندکردنی بودجە بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 146,500 دینار بوو، بەڵام دوای پەسندکردنەکەی تاوەکو هەزار دینار بەهای دۆلار گران بووە.