ناو بازاڕی سلێمانی. وێنە: 964
سیستمى پریپەیدى کارەباى ناوبازاڕی سلێمانی دەکەوێتەکار
964+
فەرمان سادق
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ئاگاداری خاوەن دوکانەکان دەکاتەوە کە لەمەولا سیستمی پریپەیدەکەیان کارایە.
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ئەوەش دەڵێت کە هەموو دوکانەکانی ناو بازاڕ ئامێری (CIU)ـیان وەرگرتووە و لە رێگەی ئەو ئامێرەوە دەتوانن زانیاری لەسەر بەکارهێنانی کارەبایەکەیان وەربگرن.
ئەو بەشەی ناو بازاڕی سلێمانی کە کارەبایەکەیان بووە بە پریپەید، لە فولکەى مامەڕیشە دەستپێدەکات تا دەگاتە فولکەى دەستەکە و پاشان شەقامى قەنات تا نەخۆشخانەى عەلى کەمال، پاشان دێتە خوارەوە بۆ خوار فولکەى خانەقا لاى تایە فرۆشەکان و پاشان دووبارە تا فولکەى مامەڕیشە.
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ئەمە بە زۆنی یەکەمی ناو بازاڕی سلێمانی ناو دەنێت، دەشڵێت: لەکاتى تەواوبوونى ئەو بڕەى کە وەک پێشەکى لە پێوەرەکەدا هەیە دەتوانن لە بنکەى فرۆشتنى کارتى باڵانسى کارەبا لە بازاڕى کوردۆ لە شەقامى مەولەوى بەرامبەر فەلافلى بنار کارت بکڕن.