دوای هەنار، هەنگوین و هەنجیرو سێویش هەناردە دەکرێت

وەزارەتی کشتوکاڵ؛ وەبەرهێنان لە کشتوکاڵدا ٨٠٠٪ زیادی کردووە

+964

دوو هەزار تۆنی هەناری هەڵەبجەو زاخۆ رەوانەی دەرەوە دەکرێت، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێ؛ لەم کابینەیەدا وەبەرهێنان لە کشتوکاڵدا زیاتر لە ٨٠٠٪ زیادی کردووەو بەرهەمی دیکەش هەناردە دەکرێت.

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان، دوو هەزار تۆن هەناری هەڵەبجەو زاخۆ لە رێگای زنجیرە مارکێتەکانی کارفۆر، هەناردەی وڵاتی ئیمارات دەکرێت، لە ئێستاشدا حەوت بارهەڵگر هەنار رەوانە کراوە کە نزیکەی ٢٠٠ تۆن دەبێت.

رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە +964 وت؛ پرۆسەی بە بازاڕکردنی هەنارلە رێگای نوسینگەی سەرەکی حکومەت و بە هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، لە مانگی حەوتەوە دەست بە بەرنامە و ئامادەکردن کراوە، ئەو هەنارەشی هەناردە دەکرێت پشکنینی لە کوالێتی تکۆنتڕۆڵەوە بۆ دەکرێت.

زیاتر روونی کردەوە کە لەو دوو هەزار تۆن هەنارە، ٥٠٠ تۆنی بەرهەمی زاخۆیەو ئەوەی دیکەشی هی هەڵەبجەیە، وتی ” هەفتەی رابردوو نزیکەی حەوت بارهەڵگر لە رێگای مەرزی باشماخ نێردرایە ئیمارات، تا ئێستا ١٥٠ تەن نێردراوە لە رێگای گەورە مارکێتی کارفورەوە دابەشکراوە و دەفرۆشرێت”.

بەپێی ئامارەکانی کشتوکاڵی هەڵەبجە بێت، زیاتر لە نۆ هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کراونەتە باخی هەنار، بەرهەمی ساڵانەشیان نزیەکەی ٣٠ هەزار تۆن دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدایە ئەگەر ناردنی هەنار بۆ ئیمارات سەرکەوتوو بێت ئەوا لە داتوودا رەوانەی سعودیە و عەمان و کوەیت و بەحرەین و قەتەریش بکرێت.

رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بیر لەوە کراوەتەوە کە بازاڕ بۆ هەنجیری ئاکرێ، ترێی دهۆک و هەنگوینی کوردستانیش لە داهاتوودا بدۆزنەوە.

+964 دەزانێت، ساڵانی رابردوو بەبڕی کەم هەناری هەڵەبجە رەوانەی فینلەندا و ئیمارات سوید، کراوە، بەڵام بڕێکی بازرگانی نەبووە.

پێوەند بە وەبەرهێنان لەسێکتەری کشتوکاڵ و، رۆڵی وەزارەتی کشتوکاڵ لە پڕۆسەکەدا، رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ؛ لەم کابینەیەدا وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ لە رێژەی ١.٨٪ بەرزبووەتەوە بۆ رێژەی ٨٪ بۆ ١٠٪، زیاتر وتی “وەزارەتی کشتوکاڵ هەوڵی بە بازاڕکردن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانی جوتیاران دەدات، کە بازاڕیش دۆزرایەوە بێگومان زیاتر وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت”.