هەموو شەقامەكە دەگرێتەوە

بەشەکەی تری شەقامی 120 مەتری کامێرای خاڵ بۆ خاڵی بۆ دادەنرێت

964+

فەرمان سادق

دوای ئەوەی لە قۆناغی یەکەم کامێری خاڵ بۆ خاڵ لەسەر شەقامی 120 مەتری لەنێوان رێگای کەرکوک بۆ بنەسڵاوە جێگیر کرا، لە ئێستا ئامادەکاری بۆ قۆناغی دووەم دەکرێت.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە 9364ـی وت، سەرقاڵی دانان و بەستنی بەربەستەکانی پارستنی کامێرای خاڵ بۆ خاڵین، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی کاتەکەی دەستنیشان نەکراوە کەی کامێراکان جێگیر دەکرێن و دەخرێنە کار.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت، لە قۆناغی دووەمدا تەواوی شەقامی بازنەیی 120 مەتری کامێرای خاڵ بۆ خاڵی بۆ دادنرێت کە درێژی هەر سایدێکی 35 کیلۆمەترە و بە هەردووکیان دەکاتە 70 کیلۆمەتر.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئامادە نەبوو قسە لەسەر ئامادەکارییەکانی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بکات، هێندە نەبێت کە وتی، کەی کامێراکان دانران و جێگیر کران، ئینجا قسەی لەسەر دەکەم.

لە سەنتەری شاری هەولێر، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە سەقامەکانی بازنەیی 100 مەتری و 60 مەتری دانانرێت، لە دوای شەقامی 120 مەتری بڕیارە لە رێگاکانی هاتن بۆ هەولێر دابندرێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی وت، دوای 120 مەتری لەسەر بنەمای بوونی زۆرترین رووداوی هاتوچۆ، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ رێگاکانی هاتن بۆ ناو هەولێر دادەنرێت.