كورد له رێگه‌ی “ڤار”ـه‌وه پاشه‌كه‌وتی موچه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
دوای ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بڕگه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان به رێژه‌ی %12 قبوڵ نه‌كرا و نه‌بووه بڕگه‌یه‌ك له پرۆژه‌یاسای بودجه، لایه‌نێكی كوردستان ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی كامێراكانی ناو هۆڵی په‌رله‌مانەوە راستیی ژماره‌ی ده‌نگدانه‌كه پشتڕاست بكاته‌وه.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، به میدیاكانی راگه‌یاند، پێیان وایه بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه ده‌نگی پێویستی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به وردی سه‌رنج نه‌دراوه و بۆیه‌ش قبوڵ نه‌كرا.
ئاشكراشی كرد، له رێگه‌ی كامێراكانی ناو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه، سه‌یری ده‌نگدانه‌كه ده‌كه‌نه‌وه، كه پێیان وایه ده‌نگی پێویست بۆ په‌سندكردنی بڕگه‌كه هه‌بووه و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان قبوڵی نه‌كردووه.
وتیشی، ئه‌گه‌ر بڕگه‌كه دەنگی پێویستی هێنابێت و لە کامێراکان دەربکەوێت، هەر لە پەرلەمان سەرۆکایەتیی پەرلەمان مادەکە دەستکاری دەکەن و دەینێرن بۆ حکومەت و دەبێتە یاسا.
سه‌یركردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی دانیشته‌كانی په‌رله‌مان، پێده‌چێت له بیرۆكه‌ی سیستمی یاریده‌ده‌ری ڤیدیۆ وه‌رگیرابێت، كه به “ڤار” ناسراوه و له تۆپی پێ و چه‌ند یارییه‌كی دیكه‌ی وه‌رزشی به‌كاردێت.
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 12.6.2023 دواجار و دوای چوار رۆژ كۆبوونه‌وه و گفتوگۆی چڕوپڕی په‌رله‌مانی عێراق، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵ په‌سند كرا.
پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵ، پێكهاتووه له 199 تریلیۆن دینار (153 ملیار دۆلار) به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش %12.67 دیاریكراوه، كه ده‌كاته 16 تریلیۆن دینار.