زیاتر لە 15 هەزار خوێندکار تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەکەن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 15 هەزار خوێندکار داواکارییان بۆ خوێندنی باڵا پێشکەش کردووە و ئەمڕۆ دووشەممە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەستپێدەکەن.

رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، لە کۆی 15،728 داواکاری، زۆربەیان بۆ خوێندنی ماستەر بووە، کە 11 هەزار و 382 خوێندکار بوون.

بۆ دکتۆرا 2،692 پێشکەشکار، بۆ دبلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى 177 پێشکەشکار، بۆ دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى 1،477 پێشکەشکار بەشداریى تاقیکردنەوەکان دەکەن.

پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی پێشکەشکردنی لە 18.5.2023 بۆ 4.6.2023 درێژکردەوە و وادەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستیشی لە 29.5.2023 بۆ 12.6.2023 دواخست.

ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر 11ی بەیانی تاقیكردنەوەكانی توانست دەستپێدەكەن.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، گرنگترین رێکارەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڵاوكردەوە.

مەرجەكان ئەمانەن:

1- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە نێو کۆلێژدا هەڵەچنین (تصحیح) بکرێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت ببرێتە دەرەوەى زانکۆ.

2- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە هەر بەشێک یان کۆلێژێک، لە هۆڵێکی ئامادەکراو هەڵەچنینی بۆ بکرێت.

3- ماوەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمی (3) سێ سەعات دەبێت، هەروەها بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و ماستەر و دکتۆرا ماوەکە (4) چوار سەعات دەبێت.

4- وەڵامدانەوەى پرسیارى تاقیکردنەوە تەنها بە قەڵەم جافى رەنگى شین دەبێت، لە پێناو نەبونى جیاوازى لە پەراوى تاقیکردنەوەى پێشکەشکاران، پێویستە لە لایەن زانکۆکانەوە قەڵەم جافى رەنگى شین بۆ پێشکەشکاران دەستەبەر بکرێت.

5- ڕێگە بە بردنە ژورەوەى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن و تەکنەلۆژیا بۆ نێو هۆڵى تاقیکردنەوە نادرێت وەکو (مۆبایل و سەعاتى زیرەک و ..هتد).

6- پێویستە هەر پرسیارێک لەسەر پەڕاوێکى جیاواز وەڵام بدرێتەوە.

7- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەکان ئامادە بێت بۆ ئەوەى لە هەر کاتێکى پێویست لیژنەى تایبەت لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ بکات بە مەبەستى وردبینی و دڵنیابون لە جێبەجێکردنى گشت رێنماییەکانى پەیوەندیدار.

8- پێویستە بەشداربوو تەنها وەڵامى پرسیارەکان لە پەڕاوى تاقیکردنەوە بنووسێت و نابێت هیچ (ئاماژەو هێمایەک…هتد) تێدا بنووسێت، بە پێچەوانەوە بە گزى (غش) هەژمار دەکرێت و بە پێى رێنماییەکاتى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.

9- پێویستە بەشداربوو پابەند بێت بە رێکارەکانى لیژنەى سەرپەرشتى تاقیکردنەوەکان و چاودێرەکانى هۆڵى تاقیکردنەوە، بە پێچەوانەوە بە پێى رێنماییەکانى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.

10- پێویستە بەشداربوو یەکێک لە بەڵگەنامە ڕەسەنەکانى وەکو (ناسنامەى بارى شارستانى، رەگەزنامە، کارتى نیشتیمانى، پاسپۆرت)ى پێ بێت.