هەنگاوەکانی قەرەبوی خاوەن باخەکانی کەلار بە سستی بەڕێوە دەچێت

964+

هونەر فارس – کەلار

ماوەی 13 ساڵە هەوڵی قەرەبوکردنەوەی چەند باخەوانێکی کەلار دەدرێت و تا ئێستاش ئەنجامی نەبووە، ئەوەش بووەتە رێگر لە بەردەم دیاریکردنی زەوی زیندانیانی سیاسی و دوو گەڕەکی تەجاوزی کەلار.

باخەوانەکان ژمارەیان 37 باخەوانە و باخەکانیان دەکەوێتە پشت شەقامی پشتێنەی قەزای کەلارەوە و لە دوای ساڵی 2018 زەویەکانیان لە زەوی کشتوکاڵیەو خراوەتە سەر زەوی شارەوانی.

964دەزانێت، ئەو زەویانەی کە بەسەر زیندانیانی سیاسی و ئەو زەویانەشی کە وەک قەرەبو بە هەردوو گەڕەکی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکەی قەزای کەلار دراون، لە نێو زەوی ئەو خاوەن باخانەدان کە چاوەڕێی قەرەبو کردنەوەی زەویەکانیانن.

جەلالی حاجی ئەحمەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی جوتیاران بۆ 964 وتی: قەرەبو کردنەوەی ئەو جوتیارانە پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی فەرمانی قەرەبوکردنەوەیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا دیار نییە کەی واژۆ لەسەر بڕیاری قەرەبوکردنەوەی ئەو خاوەن باخانە دەکرێت.

سەبارەت بە قەرەبوی زیندانیانی سیاسی و ئەو گەڕەکانەی کە زەویەکانیان دەکەوێتە نێو زەوی ئەو باخەوانانە، شادیە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ی وت، تا کتابی قەرەبوکرنەوەی جوتیارەکان نەگەڕێتەوە ناتوانرێت هیچ بۆ ئەوانە بکرێت کە لەو زەویانە سوودمەند دەبن.

بە گوێرەی یاسا قەرەبوی زەوی کشتوکاڵی بە ڕێژەی %3 یە و ئەو زەویانەشی کە تاپۆن و بەر پرۆژەی حکومی دەکەون %12 قەرەبو دەکرێنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی