دوکانەکانی قەزای دەربەندیخان درەنگ و بە کەمی ئاویان دێتەوە

964+

هونەر فارس – دەربەندیخان

بەشێک لە دوکاندارانی دەربەندیخان گرفتی کەم ئاویان هەیە و بە تانکەر ئاو بۆ دوکانەکانیان دەکڕن.

دوکانەکان دەکەونە بەرامبەر مزگەوتی گەورەی نێو بازاڕی قەزاکە و دوو رۆژ جارێک ئاویان بۆ دێتەوە، ئەو ئاوەشی کە دێتەوە تانکیەکانیان پڕناکات، بە وتەی خۆیشیان دەبێت چەند رۆژ جارێک تانکیەک ئاو بکڕن.

یەکێک لە دوکاندارەکان بۆ 964 وتی، “لە مانگی پێنجەوە گرفتی کەم ئاویمان هەیە، ئەو ئاوەی کە دێتەوە بەشی ئەوە ناکات تانکیەکانی پێ پڕبکەین”.

ئەو دوکاندارە لە رێگەی 964ـەوە، داوای چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەکەیان دەکات و بە هیوایە لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزاکە چارەسەر بۆ کێشەی کەم ئاوی بازاڕەکە بدۆزنەوە.

بۆ ئەو مەبەستە 964 پەیوەندی بە رۆژگار ناسیح، بەڕیوەبەری فەرمانگەی ئاوی دەربەندیخانەوە کرد، ئەویش بەشێکی هۆکارەکەی بۆ کەم ئاوی و فراون بوونی قەزاکە و پێداویستی هاوڵاتیان گەڕاندەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە زستاندا سێ رۆژ جارێک ئاو بە هاوڵاتیانی قەزاکە دەدرێت، بەڵام لە هاویندا بۆ ئەوەی بێ ئاو نەبن کراوە بە دوو رۆژ جارێک و پێویستی بە ماتۆڕی ئاو هەیە بۆ ئەوەی بگات بە تانکیەکان.

قەزای دەربەندیخان خاوەنی دوو بەنداوی گەورەیە، بەڵام بەهۆی تێکەڵبونی زێرابی بەشێک لە گەڕەکەکانی دەربەندیخان نەتوانراوە سوود لە ئاوی بەنداوی دێوانە وەربگیرێت، بەنداوی دەربەندیخانیش بەهۆی ئەوەی زیاد لە 250 مەتر لە ئاستی قەزاکە نزمە، ناتواندرێت بە گوێرەی پێویست ئاو بۆ قەزاکە دابین بکات، بۆیە بە ناچاری دانیشوانی بەشێک لە گەڕەکەکانی بە تانکەر ئاو دەکڕن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی