شارەوانی شیلادزێ: هەر ئاژەڵێکی بەرەڵا بگرین دەیخەینە دەرەوەی شار

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

شارەوانی شیلادزێ مۆڵەتی 24 کاتژمێر دەداتە خاوەنی ئەو ئاژەڵانەی بەرەڵان لە ناو شار، ئەگەر سەردانیان نەکەن ئ٧ەوا ئاژەڵەکانیان دوردەخەنەوە بۆ شوێنێکی دوورە نادیار.

لە ناو سەنتەری ناحیەکەدا دەیان گوێدرێژ و ئەسپ و ئاژەڵی تری هاوڵاتیان هەیە کە لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندان و زیان بە دار و باخچەکان دەگەیەنن.

سەربەست حسێن، سەرۆکی شارەوانی شیلادزێ بە 964ی راگەیاند، ئەمە چەندین جارە خاوەنی ئەو ئاژەڵانە کە ژمارەیان 56 کەسە ئاگادار دەکەنەوە، کە ئاژەڵەکانیان بەرەڵا نەکەن و لە جێگەیەکی تایبەت بە خێویان بکەن.

وتیشی، دوای ئاگادار کردنەوەیان ئەگەر نەیانبەنەوە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و دوای ئەوە ئەو ئاژەڵانە دەبرێن بۆ شوێنێکی نادیار و لە سەنتەری ناحیەکە دووردەخرێنەوە و بەرپرسیار نین لە دیارنەمەن و دزینی ئەو ئاژەڵانە.

لە ساڵی 2022 شارەوانی شیلادزێ 96 ئاژەڵی دوور خستبووەوە و رێکاری یاساییان بەرامبەر خاوەنەکانیان گرتووەتە بەر، دوا کات بۆ ئەو خاوەن ئاژەڵانە رۆژی چوارشەممەیە دوای ئەو ماوەیە سکاڵا رادەستی دادگای ناحیەی دێرەلوک دەکەن، سەربەست حسێن وای وت.

ناحیەی شیلادزێ یەكێکە لە ناحیە گەورەکانی قەزای ئامێدی نزیکەی 50 هەزار کەسی تیادا دەژی.