بە هۆی توالێتەکانی مزگەوتێک 1200 خانوو دەڕووخێنرێن

964
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە گەڕەکی ئەسرا و مەفقودین لە کەرکوک بەهۆی توالێتی مزگەوتێک و فراوانکردنی شەقامێک 1200 خانوو دەڕووخێنرێن، دانیشتووانی گەڕەکەش ئامادەن لە سەر ئەستۆی خۆیان توالێتەکانی ناو مزگەوتەکە دروست بکەنەوە، بە مەرجێک خانووەکان نەڕووخێنرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11.6.2023 ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گەڕەکی ئەسرا و مەفقودین لە دژی بڕیاری رووخاندنی خانووەکانیان بە مەبەستی فراوانکردنی  شەقامێکی دوو سایدی کۆبوونەوە و داواکارن لایەنی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، چونکە بە وتەی خۆیان، دانیشتووانی گەڕەکە زۆربەیان هەژار و کرێچین.

نیزام ئەحمەد دانیشتووی گەڕەکی ئەسرا و مەفقۆدین بە تۆڕی 964ی وت، بڕیار دراوە بە فراوانکردنی شەقامێکی دوو سایدی لە ناو جەرگەی گەڕەکەکە، کە هیچ شوێنێک بە خۆیەوە نابەستێتەوە.

وتیشی، چوار مەتر لە دیواری مزگەوتی روئیا هاتووەتە دەرەوە و بەر شەقامەکە دەکەوێت، ئامادە نین چوار مەتر لە مزگەوتەکە بڕووخێنن، کە تەنیا توالێتەکانی ناو مزگەوتەکەی بەر دەکەوێت، لە بەرامبەردا شەقامەکەیان بە لاڕیدا بردووە بۆ ناو ماڵەکان،  تەنیا بۆ ئەوەی توالێتەکانی مزگەوتەکە نەڕووخێنرێن.

نیزام دەڵێت، “ئێمە ئامادەین توالێتەکانی ناو مزگەوتەکە دروست بکەینەوە، بە مەرجێک ماڵەکان نەڕووخێنرێن” .

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا