دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی - وێنە: 964
“سێ رێکار دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار”
964+
فەرمان سادق
زیاتر لە 48 کاتژمێر بەسەر پەسنکردن و جێگیرکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بودجەدا تێدەپەڕێت بەڵام باهای دۆلاری لە بازاڕ دانەبەزاندووە.
بە قسەی کەیفی خۆشناو، وتەبێژی ئەنجومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بێت، تاوەکو کاتژمێر 5:40 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 10.6.2023، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 146,100 دیناری عێراقی بووە.
کەیفی خۆشناو، بەو ئەزمونەی لەناو بازاڕی دراو هەیەتی سێ خاڵ دەستنیشان دەکات بۆ دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، ئەوانیش زیادکردنی بانک و لقەکانی گۆڕینەوە و فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان بە نرخی بانکی ناوەندی کە 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک، هەروەها هەڵگرتنی مەرجەکانی بەردەم کڕینی دۆلار لەلایەن هاوڵاتیانەوە، هاوکات زیادکردنی پشکی فرۆشتنی دۆلار بۆ ناوخۆی عێراق لەلایەن بانکی ناوەندی.
جگە لەو سێ خاڵە، وتەبێژی بازاڕی دۆلاری هەولێر دەڵێت: کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و خانوو بکرێت بە دیناری عێراقی، ئەگەر ئەوانە بکرێت ئەوا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار دەبێت.
کەیفی خۆشناو، بە تەلەفۆن قسەی بۆ 964 کردووە و باس لەوەشدەکات کە دوو رۆژە بەهۆی پشووەوە بانکی ناوەندی دۆلاری نەفرۆشتووە، وتیشی “سبەی یەکشەممە ئاماژەکانی دابەزینی بەهای دۆلار بەدیار دەکەوێت، بەڵام ئەگەر بانکی ناوەندی ئەو رێکارانە نەگرێتەبەر کە باسمکرد ئەوا بەهای دۆلار دانەبەزێت”.
لە 10 رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا بانکی ناوەندی تەنیا شەش رۆژ دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، پێنجشەممەی رابردوو سەروو 205 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە کە تەنیا 20 ملیۆن دۆلاری بۆ ناوخۆ بووە و ئەوەی تری حەواڵەی بازرگانی دەرەوە بووە.