کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق راگیرا

964+

توانا نەقی

دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە، دوای دەنگدان لەسەر شەش مادەی پرۆژە یاسای بودجە  کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەمڕۆ هەینی دواخرا و ئێستا دوای دەستپێکردنەوەی دەنیشتنەکە جارێكی تر راگیرا.

بە ئامادەبوونی 180 پەرلەمانتار کاتژمێر 6ی ئەم ئێوارە کۆبونەوەی پەرلەمان لەسەر دەنگدان بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستی پێکرد دوای کاتژمێرێک کۆبوونەوەکە راگیرا.

راگرتنی کۆبوونەوەکە پەیوەندی بە ناکۆکی لایەنەکانی ناو پەرلەمانەوەبوو لەسەر بڕگە و مادە جیاوازەکانی پرۆژە یاساکە.

بە پێی زانیارییەکان لە ئێستادا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان دوای راگەتنی کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی کاتی هۆڵی پەرلەمانیشی بەجێهێشتووە.

لە کۆبوونەوەکەی شەوی رابردوودا، دەنگ بە مادەکانی یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم درا و مادەی دووەم هەڵگیرا چونکە کێشەی ناڕوونی زمانەوانی تیادابوو، هەروەها مادەی چوارەم لادرا کە تایبەت بوو بە دەسەڵاتێکی ئەنجومەنی وەزیران.

مادەی یەکەمی پڕۆژەیاساکە کە تایبەتە بە نرخی دۆلار و نەوت و پەسەندکرا، تیایدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی بە 70 دۆلار و نرخی 100 دۆلاری بە 130 هەزار دینار جێگیرکرد.