145 تایبەتمەندی نوێ

ئایفۆن لەمەودوا کەسە نزیکەکانت لە سەلامەتیت ئاگاداردەکاتەوە


ئەحمەد عەبدوڵا

لە وەشانە نوێیەکەی سیستمی ئایفۆندا 145 تایبەتمەندی نوێ زیادکراوە، سەرەکیترینیان ئاگادارکردنەوەی خزم و کەسەکانتە لەوەی بە سەلامەتی گەیشتوویتە شوێنێک.

کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت، وەشانە نوێیەکە بەکارهێنانی ئاسانتر و خێراترە و تایبەتمەندی هەمەجۆری بۆ زیادکراوە.

کاری زیاترمان لەسەر پاراستنی زانیاری و تایبەتمەندییەکانی بەکارهێنەری ئایفۆن کردووە

یەکێک لە تایبەتمەندییە نوێیەکانی وەشانەکە (Check-in)ـە، کاتێک کەسی بەکارهێنەر بە سەلامەتی دەگاتە شوێنی دیاریکراو تایبەتمەندییەکە ئەندامانی خێزانەکەی یان ئەو کەسانەی خۆی دەیەوێت ئاگادار دەکاتەوە.

سەرجەم ئەو ئایفۆنانەی لە دوای iPhone XRــەوە دەرچوون تاوەکو iPhone 14 PRO MAX دەتوانن سوودمەند بن لە iOS 17.

یەکەم وەشانی سیستمی کارپێکەری iOS لە ساڵی 2007 دەرچوو کە تایبەتە بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی کۆمپانیای ئەپڵ.