ڤیدیۆ: دریفتی سەرکێشی لە سۆران

964+
ئاسۆ وەرتێ – سۆران

دوێنێ شەممە، پاڵەوانیەتێکی دریفتی سەرکێشی لە سۆران بەڕێوەچوو، کە ٥٠ شۆفێر تیایدا بەشداربوون.

دریفت وەرزشێکە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکرێت، شۆفێرەکە نمایشی جۆراوجۆری پێدەکات.

پاڵەوانیەتیەكە لەسەر ئاستی عێراق وهەرێمی کوردستان بوو بە بەشداری ٥٠ شۆفێر کە لە ١٢ پارێزگای وڵاتەکەوە هاتبوون، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە هەوادارنی یارییەکە لە هاوینەهەواری جوندیانی گەشتیاری.

بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری سۆران بە +964ی وت، “هۆکاری هەڵبژاردنی ئیدارەی سۆران بۆ ئەنجامدانی ئەم یاریە بۆ حەز و خولیای ژمارەیەكی زۆری هەوادارانی ئەم یاریه بوو، هەروەها بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بوو بۆ راكێشانی سەرنجی گەشتیاران بە تایبەتی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی پارێزگانی ناوەراست و خوارووی عێراقە بۆ ئیدارەی سۆران، بە قسەی بەرپرسانی پارێزگاکە”.

“ئامادەکاری تەواوکرابوو بۆ پاراستنی گیانی شۆفێران و هەوادارن، بەڵام یارییەکە بێ بەش نەبوو لە رووداوی نەخوازاو، ئۆتۆمێلێک خۆی کێشان بە هەواداران، لە ئەنجامدا یەکێک لە کارمەندەکانی رێکخەری یارییەکە بە سەختی برینداربوو، چەندین گرفتی تەکنیکی دروستبوون لە کاتی ئەنجامدانی یارییەکە، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان گڕی گرت، بەڵام تواندرا بە ماوەکی کەم کۆنتڕۆڵ بکرێت، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی  لێنەکەوتەوە”، بارزان محەمەد وای وت.

ئیبراهیم عادل، شۆفێرە و لە پارێزگای سلێمانیەوە بەشداری لە پاڵەوانیەتیەكەدا كردووە، قسەی بۆ 964+ کرد و وتی، “زۆر دڵخۆشم یارییەكە لێرە ئەنجامدەدرێت، هاتووم تا نمایشێكی جوان بكەم، ئەوە بۆ من جێی خۆشحاڵییە كە یاریەكە لە سۆران دەكرێت”.
سەرەتا یاری دریفت بە ئۆتۆمبێل لە ساڵانی ٩٠ەکانی سەدەی رابردوو لە وڵاتی ژاپۆن بەناوبانگ بوو، دواتر وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکای گرتەوە.