لە سلێمانی سیمینار کراوە

هەوڵی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریا دەدرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە شاری سلێمانی هەوڵی کەمکردنەوەی دەرمانی دژە بەکتریا دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سیمینارێک بۆ خاوەنی 100 نۆرینگە رێکخرا.

سیمینارەکە رۆژی سێشەممە 6.6.2023 ئەنجام دراوە و د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و د.دەریا ئومێد، پسپۆڕی دەرمان لەبارەی مەترسییەکانی زۆر بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریا قسەیان کردووە.

“ئێمە زۆر دەمێکە باسی ئەو مەترسییە دەکەین کە لە زۆر بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریادا هەیە، وا بڕوات ساڵانێکی دیکە هیچ کەسێک بەرگری نامێنێت و حاڵەتەکانی مردن زۆر دەبن”، ئەمە وتەی پشدەر عەبدوڵایە بۆ 964.

ئاماژەی بەوەشدا، زۆر بەکارهێنانی ئەو دژە بەکتریایانە وایکردووە منداڵان لەبەردەم مەترسیدابن و نەخۆشییە گوازراوەکان زوو بیانگاتێ و بە قورسیش بیگرن.