ڤێرتێرنەری راپەڕین هۆشداری دەدات لەسەر تای خوێنبەربوون
964+
مەجید بتوێنی – رانیە
سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری لقی راپەڕین، هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون (CCHF) کە نەخۆشیەکی هاوبەشە لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا .
ئەم هۆشداریە دوای ئەوە هات سەندیکاکە سیمنارێکی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەو پرسە رێکخست و بەدواداچوونی کردووە، بۆی دەرکەوتووە لە دەڤەری راپەڕین ئاژەڵەکان پێش سەربڕین پشکنینی بۆ ناکرێت و کوشتارگەی رانیەش مەرجی تەندروستی تێدانییە.
موحسین عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری راپەڕین بە 964ی راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە کوردستان رێنمایی و ئاگاداری توندیان بۆ دوکانی گۆشتفرۆشان ناردووە پابەندی مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.
وتیشی کوشتارگە و گۆشتفرۆشەکان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری راپەرین بکەن، بۆ وەرگرتنی دەرمانی ڤێرکۆن بۆ رشاندنی دوکانەکانیان.
داواشی لەهاوڵاتیان کرد بە تایبەت لە رۆژانی جەژنی قوربان، ئاژەڵ لە ماڵ و شەقامەکان سەرنەبڕن کە ئەم دیاردەیە تائێستا لە سنورەکە بەربڵاوە.
ئەم داواکارییەی ڤێتێرنەری راپەڕین، لە کاتێکدایە هەموو قەزای رانیە یەک کوشتارگەی بچوکی هەیە، بەوتەی سەندیکای ڤێتەرنەری و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرسیەتی ڤێتێرنەری راپەڕین هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدانییە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی