تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق. وێنە: ina
وەزیری دارایی عێراق: تانە لە بودجە دەدەین
964+
فەرمان سادق
لەسەر پرسی دەستکاریکردنی ناوەڕۆکی بودجە و گواستنەوە و گۆڕانکاریکردن لە بڕگە و مادەکانی، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، تانە لە هەر گۆڕانکارییەک دەدەین و بەرگری لەو بودجەیە دەکەین کە خۆمان رەوانەی پەرلەمانمان کردووە.
دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقی ئەوە بڵاوکرایەوە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی دەستکاری بودجەی کردووە کە لیژنەی دارایی گۆڕانکاریی تێدا کردووە.
کەمێک پێش ئێستا، وەزیری دارایی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند کە هیچ دەستکارییەکی بودجەی نەکردووە، بەڵام بەرگری لە هەموو بڕگە و مادەکانی ناو بودجە دەکەن.
دەشڵێت: هەر کاتێک بودجە پەسند بکرێت، ئەگەر دەستکاری ئەو بڕگانە بکرێت کە حکومەت لەناو بودجە جێگەی کردوونەتەوە ئەوا تانەی لێدەدەین.
لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی وەزیری دارایی باس لەو بڕگانە نەکراوە کە مەبەستیانە دەستکاری لەلایەن لیژنەی دارایی و پەرلەمانی عێراق دەستکاری نەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە ناکۆکی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دروستبووە لەسەر پرسی بودجە، بەتایبەت گۆڕانکارییەکانی بەسەر مادەکانی 13 و 14ـی تایبەت بە پشکی کوردستان هاتووە کە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی نیشانداوە لەسەر ئەو گۆرانکارییانە و پێیوایە پێچەوانەی کارنامەی حکومەتی عێراق و رێکەوتنی سیاسی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراقە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزیری دارایی ئەوەش هاتووە، ئەوەی حکومەت لەناو بودجەدا جێگەی کردووەتەوە بەگوێرەی دیراسە و پێویستی وەزارەتەکان و پارێزگاکان بووە و داواکاری هەمووان تێیدا جێگە کراوەتەوە بەگوێرەی دونیابینی حکومەتی عێراق، بۆیە هەر دەستکارییەک ئەوا پلانەکانی حکومەت ئیفلیج دەکات.