پاڵەوانیەتی لاوانی ناوەندە وەرزشییەکانی هەولێر دەستیپێکرد
964+
شیراز عەبدوڵا- هەولێر
بە بەشداری 13 ناوەندی وەرزشی پاڵەوانیەتی لاوانی هەولێر بۆ ناوەندەکانی وەرزش و لاوانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ تۆپی پێ دەستیپێکرد.
پاڵەوانیەتییەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی هەولێر رێکخراوە و سەرپەرشتی دەکرێت و رۆژانە یاریەکان لەسەر یاریگای نێودەوڵەتی فەڕەنسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت.
هەریەکە لە ناوەندە وەرزشییەکانی هەولێر، دارەتوو، شاوێس، هەریر، شەقلاوە، قوشتەپە، بەحرکە، عەنکاوە، کۆیە، تەقتەق، مەخمور، خەبات و بنەسڵاوە ئەو ناوەندە وەرزشیانەن کە بەشداریان لە پاڵەوانیەتییەکە کردووە.
پارساڵ ناوەندی وەرزش و لاوانی شاوێس، بووە پاڵەوانی پاڵەوانیەتییەکە دوای بردنەوەی لە یاری کۆتایی لە ناوەندی وەرزش و لاوانی هەریر.
زوبێر بابان، بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی هەولێر بە 964ـی وت، مەبەست لە پاڵەوانیەتییەکە بەرەوپێشبردنی وەرزشە لە کوردستان.
دەشڵێت: دەمانەوێت سەرنجی راهێنەرانی یانەکانی کوردستان رابکێشین تا بتوانن لەناو تیپەکانی لاواندا یاریزانی ئاست بەرز دیاری بکەن و بانگێشتیان بکەن بۆ یانەکانیان.
ئەو یاریزانانەی بەشداری لە یارییەکان دەکەن مەرجە تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت، هەر گێمێکی یاریەکانیش 35 خولەکە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق