تونێلی دەربەندیخان - وێنە: 964
شەوانە 11 کاتژمێر دادەخرێت
داخستنی تونێلی دەربەندیخان زۆر ناخایەنێت
+964
هونەر فارس – دەربەندیخان
بەمەبەستی نوێکردنەوەی ژمارەیەک کێبڵی کارەبا، لە ئەمشەوەوە تونێلی دەربەندیخان بە شەوان بۆ ماوەی 11 کاتژمێر دادەخرێت و شۆفێران دەبێت رێگەی سەرشاخ بەکاربهێنن.
داخستنی تونێلەکە شەوان لە کاتژمێر 8:00 دەستپێدەکات و کاتژمێر 7:00ی بەرەبەیان بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
ئامانج لە داخستنی تونێلەکە لە شەودا نوێکردنەوەی ئەو کێبڵە کارەباییانەیە کە دەکەونە نێوان دەربەندیخان و شارەزوور. ئەو کێبڵانە ساڵی رابردوو بەهۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتبوو.
سلێمان محەمەد سەعید، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ی وت، “داخستنی تونێلەکە تەنیا شەوانە و هەوڵدەدەین لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی بە کارەکانی نوێکردنەوەی کێبڵەکە بهێنین”.
ئاماژەی بەوەش کرد، شۆفێران دەتوانن لە کاتی داخستنی تونێلەکەدا رێگەی سەرشاخ وەک بەدیل بەکاربهێنن.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر