دەبێت بیبەنە سایلۆکەی پیرەمەگروون

سایلۆی چوارقوڕنە گەنمی جوتیارانی بنگرد و خدران وەرناگرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

گەنمی جوتیارانی ناحیەکانی بنگرد و خدران لە سایلۆی چوارقوڕنە وەرناگیرێت، بۆیە دەبێت بیبەنە سایلۆکەی پیرەمەگروون.

دوێنێ شەممە 3.6.2023 پێیانوترا بوو دەتوانن گەنمەکەیان لە سایلۆی چوارقوڕنە رادەست بکەن، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیارەکە هەڵوەشاتەوە.

هۆکارەکەی ئەوەیە، سایلۆکەی چوارقوڕنە 40 تۆن گەنم دەگرێت و جێگەی گەنمی جوتیارانی ئەو دوو ناحیەیە ناگرێت.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە 964ی وت، “کێشەکە تەنیا جێگەیە و قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری سایلۆی چوارقوڕنە کردووە دەڵێت جێگەمان نییە و ئەگەر گەنمی ئەوان وەربگرین دەبێت جوتیارانی خۆمان گەنمەکەیان ببەنە پیرەمەگروون”.

ناحیەکانی بنگرد و خدران سەر بە قەزای دوکانن و جوتیارانی ئەو سنوورەش لە سایلۆی پیرەمەگروون گەنمەکانیان لێوەردەگیرێت.

“راستە ئەو گواستنەوەیە لەسەر جوتیاران دەکەوێت، بەڵام سایلۆکە جێگەی نییە”، ئەمەش وتەی شاڵاو جەمالە.