ناحیەی هەڵشۆ.. بۆڕی ئاوەکە چاککرایەوە و 10 هەزار کەس لە خەمی بێ ئاوی حەسانەوە
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
بۆڕییە ئاوەکەی بەردەم مزگەوتی هەڵشۆ چاککرایەوە و دانیشتووانی ناحیەکە لە خەمی بێ ئاوی حەسانەوە.
بۆڕییەکە دوێنێ شەممە شکا بوو، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لەلایەن فەرمانگەی ئاوی هەڵشۆ چاککرایەوە.
بۆڕییەکە سێ ئینجە و تەواوی ئاوی ناحیەی هەڵشۆ دابیندەکات کە ژمارەی دانیشتووانەکەی سەرووی 10 هەزارکەس دەبێت.
مزگەوتی هەڵشۆ، دەکەوێتە سەنتەری ناحیەی هەڵشۆی سەر بە قەزای پشدەری سنووری ئیدارەی راپەڕین.
عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی هەڵشۆ بە 964ـی وت، دوێنێ لە وەها رووداوێک ئاگادارکراینەوە کە بۆڕییەکی سێ ئینجی ئاوی ماڵان لە نزیک مزگەوتی هەڵشۆ شکاوە، ئەمڕۆ بۆڕیەکە چاککرایەوە کە نزیکەى 76 ماڵی بەسەرەوەیە.
ناحیەی هەڵشۆ، یەکێکە لە شەش ناحیەی قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕین، ناوەندەکەی شارەدێی هەڵشۆیە ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە لە ساڵی 2020 زیاتر لە 10 هەزار و 115 کەس بووە و 56 گوندی بەسەرەوەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی