پیاوێک بژێوی ژیانی لەسەر نەعامەیە

964+
هونەر فارس

نەعامەکان باڵا بەرز و مل درێژن، هەندێکیان تازە پێدەگات و هەندێکیان کورد وەتەنی عومری پیرە مەڕێکیان هەیە.

عەبدولڕەحمان عەبدولکەریم پیاوێکی تەمەن 59 ساڵە، دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە و ماوەی هەشت ساڵە نەعامە بەخێو دەکات، ئەو زۆر کەیفی بەوە دێت کە نەعامەکانی کەوتوونەتە بەرهەم و بوونەتە خێر و بەرەکەت بۆی.

نەعامەکانی عەبدولڕەحمان کەش و هەواکەیان بەدڵە و بە وتەی خۆیشی، ژینگەی کوردستان هێندە لەبارە خوا دایناوە هەر نەعامەی تێدا بەخێو بکەیت، بە تەمایشە لە داهاتوودا ئیشەکەی گەورەتر بکات.

لە بەشێک لە رێستۆرانتەکانەوە داواکاری زۆر لەسەر گۆشتی نەعامە هەیە، بەڵام نەعامەکان لە ئێستادا کەوتوونەتە کڕ و رۆژ نا رۆژێک هێلکە دەکەن، عەبدولڕەحمانیش هێلکەکانی دەدات بە کەسێک کە بە جیهاز بۆی هەڵبێنێت و بەچکەکەی لە رێگەی ئۆنلاینەوە بە قازانجێکی باشتر دەفرۆشێتەوە.