بەشەکەی حکومەتی هەرێم

شارەوانی خانەقین بەدەست بێ پارەییەوە دەناڵێنێت

964+

توانا نەقی

سەرۆکایەتی شارەوانی خانەقین سەربە حکومەتی هەرێم کێشەی کەمی داهات و نەسریەی مانگانەیان هەیە مانگانە ملیۆنێک بۆ دوو ملیۆن دینار وەردەگرن.

قەزای خانەقین کە یەکێکە لەو قەزایەنای کە دەکوێتە ناوچە جێناکۆکەکانەوە و خاوەنی دوو سەرۆکایەتی شارەوانییە یەکێکیان سەربە هەرێم ئەویتریان سەربە حکومەتی ناوندە.

بەهۆی دابیننەکردنی پارەوە ئەو شارەوانییەی سەربە هەرێمە ناتوانن هیچ پرۆژەیەک ئەنجام بدەن و تەنیا چەند ئەرکێکی وەک پاکردنەوە و باخچەکانیان لەسەرە بەوەش گرفتیان بۆ دروستبووە.

سۆران عەلی، بەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین سەر بە هەرێم بە 964ی وت، لە 2014ـەوە بە بەهای 100 ملیار دینار پرۆژە لە خانەقین وەستاوە بە هۆی بێ پارەییەوە.

وتیشی، بۆ شارەوانییەکەی سەر بە ناوەند پێشینەی مانگانەیان کراوەیە و زۆرە، بەڵام بۆ ئەوان حکومەتی هەرێم مانگانە پێشتر یەک ملیۆنی پێدەدان، ئێستا کراوە بە دوو بۆ سێ ملیۆن دینار کە ئەوەش بڕێکی زۆر کەمە و بەس بەشی قرتاسییە دەکات.

چەند رۆژێکە ئەو شارەوانییەی سەر بە ناوەندە هەڵمەتی قیرتاوکردنی ناو بازاڕی قەزاکەی دەستپێکردووە، سۆران عەلی، دەڵێت “بۆ ئێمە تەنانەت خەرجی پاکردنەوەی باخچەکانمان لە بانکی کەلار بۆ خەرج ناکەن”.

“گرفتێکی تر لە دەستکەوتنی داهات بۆ شارەوانی سەربە هەرێم ئەوەیە کە وەک شارەوانی سەربە عێراق ناتوانن رسومات وەربگرن و مامەڵە بە زەوی و زاری خانەقینەوە بکەن لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەو کێشە دەستوریانەیان لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق چەرەسەر نەکردووە” ئەمە بەقسەی سەرۆکی شارەوانی خانەقین.