شەقامێکی سەرەکی سلێمانی تاوەکو چوار مانگی تر دادەخرێت
964+
دیلان محەمەد – هەولێر
ڤیدیۆ
رێگای سلێمانی – تاسڵوجە داخرا و تاوەکو چوار مانگی تر ناکرێتەوە، بەهۆی دروستکردنی پردێکی یەکتربڕ لەسەر شەقامەکە.
ئەو شەقامە سلێمانی بە پارێزگاکانی هەولێر و کەرکوک دەبەستێتەوە.
لە جیاتیدا، شارەوانی سلێمانی رێگایەکی لاوەکی کردووەتەوە بۆ هاتوچۆی شۆفێران.
ئەگەرچی تەکیەی کەسنەزانی رێگرە لە بەردەم دروستکردنی یەکتربڕەکە، بەڵام لە ئەمڕۆوە دەست بە دروستکردنی دەکرێت.
توانا محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە شارەوانی سلێمانی بە 964+ی وت، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری تەواوبووە کە دروستکردنی شەقامە کاتییەکان بوو، ئەمڕۆ قۆناغی دووەم دەست پێدەکات، کە بەربەستکردنی شەقامی سەرەکی سلێمانی – تاسڵوجەیە.
“لە ھەفتەی داھاتوو دەست دەکرێت بە ھەڵکەندنی شەقامەکە”
توانا محەمەد
964+ چووەتە سەر شەقامەکە، بینی کە تەنیا سایدی بەردەم باخی بەختیاری داخراوە و سایدی بەردەم تەکیەی کەسنەزانی دانەخراوە، لەبەرئەوەی ھەندێک رێکاری یاسایی و کاری تیادا ماوە بەھۆی ئەو موڵکانەی دەوروبەری شەقامە کاتییەکە.
ئەندازیارەکەی شارەوانی باسی لەوەکرد، تاوەکو ئێستا ٩٣ رۆژی کارەکانیان رۆیشتووە لەو ٥٠٠ رۆژەی بۆیان دیاریکراوە، بودجەی تەرخانکراوی پڕۆژەکەش ١٢ ملیار ٩٥٢ ملیۆن دینارە.
شارەوانی سلێمانی پلانی هەیە لەو چوار مانگەدا بەشی سەرەوەی یەکتربڕکە تەواوبکات تاوەکو شۆفێران هاتوچۆی تێدا بکەن، دواتر کارەکانی ژێرەکەی تەواو دەکات.
ئەو یەکتربڕە سێ ئاڕاستە دەبێت کە دووانیان بۆ یوتێرن کردنە و دانەیەکیان بۆ شەقامی بەرامبەرە.
ئەحمەد سەلاح، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە کۆمپانیای دەروازەی گەرمیان کە جێبەجێکاری پرۆژەکەیە، گلەیی هەیە لەوەی تەکیەی کەسنەزانی رێگرە لە بەردەم دروستکردنی پرۆژەکە.
ئەو بە 964+ی وت، تەکیەی کەس نەزانی داوای شەقامێکی کاتی دیکە دەکەن لە پشت ئەو شەقامە کاتییەی ئەوان دروستیانکردووە، ئەگەر بۆیان دروستبکەن ئینجا دەهێڵن کارەکان بچنە پێشەوە.