پاسەوانی سنوری هەرێمی کوردستان: هێزی نوێمان جێگیر نەکردووە

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر


هیچ هێزێکی نوێی پاسەوان لە سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران جێگیرنەکراوە، بە قسەی پاسەوانی سنور خۆیان.


عه‌قید كاروان خۆشناو وته‌بێژی هێزه‌كانى پاسه‌وانى سنوور، ئه‌وه‌ى بۆ 964+ روونكرده‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ى پاسه‌وانى سنور كه‌ له‌ ناوچه‌ى سنورى حاجی ئۆمه‌رانه‌، له‌ دواى ٢٠٠٣وه‌ له ‌سنوره‌كان بوونیان هه‌بووه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌و بارودۆخه‌ نییه‌ كه‌ گوایه‌ ئێستا له‌ سنووره‌كان جێگیر كرابن.


ناوبراو وتیشی، “ئێستا هێزه‌كانمان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ خاڵی سفرین و هیچ نێوانێكمان له‌گه‌ڵ یه‌كدا نییە”، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌یان هێزی به‌رده‌وامن له‌و سنوورانه‌ .


ئه‌و لێدوانه‌ى وته‌بێژی هێزه‌كانى پاسه‌وانى سنور ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ به‌ بڕیاری حكومه‌تى عێراق هێزى پاسه‌وانى سنور له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران جێگیركرابن، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ى ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانى ناوخۆی ئێران له‌سه‌ر سنووره‌كانى نێوان عێراق و ئێران دا هه‌یه‌.


ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە هەیە سوپای ئێران هێزەکانی لە ناوچە سنورییەکان کۆکردووەتەوە، چەند جارێکیش لەلایەن بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆ سەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کراوە.


ئەم هەڕەشانە هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەدوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانەیەکی تاران، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.