سەبارەت بە تای خوێنبەربوون

تەندروستی هەولێر: هەرکەس پابەند نەبێت رێکار دەگرینەبەر

964+
ژووری هەواڵ

ئەندامانی بەشی چاودێری تەندروستی هەولێر کۆبوونەتەوە و راوێژیان لەگەڵ یەکتری کردووە، بڕیاریانداوە رێنمایی بگەیەننە هەموو ئەو شوێنانەی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونیان تیادایە، هەر لایەنێکیش پابەند نەبێت رێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر.

کۆبوونەوەکەیان ئێوارەی پێنجشەممە، 1.6.2023 ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوی پاش کۆبوونەوەکەیاندا هاتووە، بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەو شوێنانەی گومانی نەخۆشییەکەیان لێی هەیە، بە تایبەتی کوشتارگە و گۆشتفرۆشان و مەیدانی ئاژەڵان.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڤایرۆسیە و لە رێگەی ئاژەڵەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

ئەمە دوای ئەوە هات، رۆژی سێشەممە 30.5.2023، کەسێک بەهۆی ئەوەی تووشی تای خوێنبەربوون بووبوو لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر داخڵ کرا و بۆ رۆژی دواتر گیانی لەدەستدا.

سه‌رچاوه‌یەک لە نەخۆشخانەکە به‌ 964ی وت، ئه‌و كه‌سه‌ی گیانی لەدەستداوە، پیشەی قه‌ساب و ته‌مه‌نی 18 ساڵ بووە.

تا ئێستا وەزارەتی تەندروستی لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو کەسە هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.