زیانەکانی سەرووی 25 ملیۆن دینار بووە

ئاکرێ.. لە مانگێکدا 53 حاڵەتی ئاگرکەتنەوە هەبووە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

لە مانگی رابردوودا 53 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری قەزای ئاکرێ روویانداوە کە زیانە داراییەکانیان بە سەرووی 25 ملیۆن دینار دەخەملێندرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵدا تاوەکو ئێستا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

عەقید ئیبراهیم فەریق، بەرپرسی بەرگری شارستانی ئاکرێ بە 964 وت، زیانی دارایی 53 ئاگرکەوتنەوە لە سنووری قەزاکەمان بە 25 ملیۆن و 500 هەزار دینار خەملێندراوە.

بۆ بەرگرتن لە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەمساڵ 20 تیم خراونەتە ئامادە باشییەوە، بەڵام پارساڵ تەنیا 14 تیم بوون.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئاکرێ، سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، لەگەڵ هەشت ناحیە بە گوندەکانیەوە بەسەرەوەیە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق