لە دانیشتنی داهاتوویدا، پەرلەمانی عێراق متمانە بە وەزیرە کوردەکان دەدات

+964

فەرمان سادق

دواجار پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پشکی کورد لە کابینەکەی سوودانی گەیشتنە رێککەوتن، یەکێتی تا ئێستا کاندیدی بۆ وەزارەتی ژینگە نیە، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەڵێ؛ تا دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان یەکلایی دەکەینەوە.

بەنگین رێکانی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق، هەروەها خالیدە خەلیل، پەرلەمانتاری پێشتری پەرلەمانی عێراقیش دەبێتە راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئێزیدییەکان.

پێوەند بە وەزارەتی ژینگەش کە پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە +964ـی راگەیاند، تا ئێستا بە فەرمی هیچ کەسێک کاندید نەکراوە، بەڵام تا کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، یەکێتی کاندیدەکەی یەکلایی دەکاتەوە.

لە میدیا کوردییەکاندا، هەریەکە لە رێباز بێرکۆتی و نزار ئامێدی ناویان دێت وەک کاندیدی یەکێتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام هەرێم کەمال ئاغا، رەتی کردەوە قسە لەسەر ناوی کاندیدەکان بکات.

+964 زانیاری ئەوەی دەستکەوت کە یەکێتی کەسێکی کاندید کردبوو بۆ ئەو پۆستە، بەڵام لە کاندیدی لادرا، هەرێم کەمال ئاغا ئەو زانیارییەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام ئامادە نەبوو ناوی ئەو کەسە ئاشکرا بکات.

کوردە عومەر، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە +964ـی راگەیاند، هێشتا ناوەکە یەکلایی نەکراوەتەوە بەڵام لەم هەفتەیەدا فراکسیۆنی یەکێتی کۆدەبێتەوەو گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەکات، وتی “شەممە یان یەکشەممەی داهاتوو، کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت، لەو کۆبوونەوەیە متمانە بە کاندیدە کوردەکان دەدرێت بۆ پۆستی وەزارەتی ژینگەو ئاوەدانکردنەوە، بۆیە پێش ئەو کۆبوونەوەیە، یەکێتی کاندیدی ئامادە دەبێت”.