سیستمێکی ئەلیکترۆنی دەبێتە جێگرەوەی سندوقی سكاڵاکردن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی هەرێم دەستیکردووە بە دانانی سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی، کە لە رێگەیەوە هاوڵاتیان دەتوانن هەر بە مۆبایلەکانیان سکاڵا لەسەر ئەدای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان تۆمار بکەن.

سیستمەکە وەک جێگرەوەی سندوقی سكاڵاکردن وایە، لە رێگەی بارکۆدێکەوە کە لە شوێنە گشتییەکانی فەرمانگەکاندا دادەنرێت، هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت بگات بە وێبسایتێک و تێیدا سکاڵاکەی بنووسێت.

هەر فەرمانبەرێک لە شوێنی کارەکەی بارکۆدی تایبەت بە خۆی دەبێت.

ئێستا سیستمەکە تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتیی باجی دەرامەتی هەولێر دوو، کاری پێدەکرێت و لە کاتی تۆمارکردنی سکاڵا، هیچ زانیارییەكی سکاڵاکار دیار نابێت.

بڕیار خەلیل، بەرێوەبەری باجی دەرامەتی هەولێر دوو، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری وت، “دانانی باركۆدێك بۆ هەریەك لە فەرمانبەرەكان، وایکردووە ئەدایەكی زۆر باشیان هەبێت، كاریگەریی زۆری لەسەریان هەبووە و كارەكان بەشێوەیەكی خێراتر بەڕێدەكرێن، خەڵكیش زۆر رازین”.

سیستمەکە بە جۆرێکە، راستەوخۆ بەڕێوەبەری فەرمانگەکە دەتوانێت چاودێریی بکات و لە کەموکورتییەکان بکۆڵێتەوە.