لێخوڕینی سەیارە لە شەقامێکی ئاکرێ لەم کاتەدا قەدەغەکرا
964+
زەید کۆچەر
گەشتوگوزاری ئاکرێ بڕیاریدا شەقامی رەزا لە شۆفێران قەدەغە بکات لە کاتژمێر 6ی ئێوارە تاوەکو 11ی شەو بە مەبەستی بەکارهێنانی لەلایەن گەشتیارانەوە.
شەقامی رەزا دەکەوێتە سەنتەری قەزای ئاکرێ و درێژییەکەی یەک کیلۆمەترە.
شەقامەکە بە شوێنێکی گەشتیاری دادەنرێت کە هەمیشە پڕە لە گەشتیار، دەوروبەری ئاوی تیادایە، هەروەها رێستۆرانت و کافێی زۆری لێیە.
لەوبارەیەوە، ڤەهێل فەهمی بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری ئاکرێ بە 964ی وت، بڕیاریانداوە لە رۆژی 1ی حوزەیرانەوە نەهێڵن لە 6ی ئێوارەوە تاوەکو 11ی شەو سەیارە بەو شەقامەدا بڕوات.
وتیشی، ئەو بڕیارە تاوەکو 1ی ئەیلول وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام رەنگە دواتریش درێژ بکرێتەوە.
ئەو هۆکاری بڕیارەکەی بۆ خاتری گەشتیاران گەڕاندەوە تاوەکو دوور لە هاژوهووژی سەیارەکان جەوێکی خۆش وەربگرن.