ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان. وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
55 موچەی فەرمانبەران لەلای حکومەتی هەرێمە
ئاوات شێخ جەناب باسی پاشەکەوتی موچە دەکات
964+
توانا نەقی
لە رەشنووسی بودجەی عێراق هاتووە کە هەرێمی کورستان پابەند دەکات بە دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، وەزیری دارایی کوردستان لەسەر ئەو پرسە دەڵێت، لە بودجەدا هیچ بڕە پارەیەک تەرخان نەکراوە و ئەو پرسە بووەتە موزایەدەی سیاسی.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیزی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی بەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق کراوە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پشیکی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران دەڵێت، ئەو پرسە بووەتە موزایەدەی سیاسی.
“پاشەكەوتی موچەیە لەبەر ئەوەی هاتۆتە ناو موزایەدەی سیاسی؛ تۆ كاتێك نووسراو دەكەی بەپێ پارە، ئەو پارەیە چۆن دەدەی؟ بۆیە ئێستا سەیر بكەین ئەمە لەگەڵ ئەو پارەیەی هیچی بۆ دیاری نەكردووە، هیچ ژمارەیەكی بچووكیشت لە بودجەی هەرێم زیاد نەكردووە، لەگەڵ ئەوەی بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) مانگانە رەنگە بچێتە 170 یان 180 ملیار دینار، ئەمە چۆن دەدەى و كێشەكانی هەرێم چۆن چارەسەر دەكەی؟”. وەزیری دارایی وادەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە حكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەی كرد بە قەرز لەسەر حكومەت، چونكە پلانی هەیە بیداتەوە، پلانەكەش لەسەر پاشەكەوتی موچەیە.
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 55 موچەیان لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە وەک موچەی پاشەکەوتکراو و لێبڕین کە هی ساڵانی 2015، 2016، 2017، 2018، 2019، 2020، 2021.
زیاتر وتیشی “ئەوەی ئێمە دەیكەین و پێویستیشە بیكەین و لەسەر هەردوولامانە بیكەین، ئەو پارەیە بگەڕێتەوە. بە هیواین هەمووی بگەڕێنینەوە بە جارێك، نەوەك بە رێژە، بەڵام خۆزگە هەموو لایەك لە موزایەدەی سیاسی دەر دەچوون و خەمی گرنگمان ئەوە دەبوو چۆن خزمەت بە وڵاتەكەی خۆمان بكەین”.
بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چەند بڕگەیەک بۆ مادەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی زیادکرا، یەکێک لە بڕگەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە پێدانەوەی موچەی پاشەکەوتی فەرمانبەرەکانی.
مادەی 14 چی تێدایە؟
لە پرۆژەیاساکەدا، مادەی 13 و 14 تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، دەیان بڕگەی جیاجیا لەخۆی دەگرێت، کە زۆرینەیان باس لە رادەستکردنی کۆی داهاتی نەوت و بەڕێوەبردنی هاوبەشی دەروازە سنوورییەکان دەکەن.
شەوی رابردوو، زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی دارایی دەنگیاندا لەسەر زیادکردنی بڕگەیەک بۆ مادەی 14یەم کە تیایدا هاتووە، “حکومەتی هەرێم پابەند بکرێت بە پێدانەوەی پاشەکەوتی موچە بە رێژەی %10ی مانگانە بە فەرمانبەرەکانی”.