باوەشاسوار سەرڕێژ دەبێت
+964
زینوێ حەسەن – هەولێر
بەهۆی شەپۆڵە بارانی چەند رۆژی رابردوو، بەنداوی باوەشاسوار بە تەواوەتی سەرڕێژ بووەو، جێگەی نەماوە بۆ گلدانەوەی ئاوی زیاتر.
عەزیزکەریم، سەرپەرشتیاری بەنداوی باوەشاسوار بۆ +964 قسەی کردووەو دەڵێ؛ یەکەمجارە لەوەتەی بەنداوی باوەشاسوار دروستکراوە، پڕ ئاو بوو بێت.
زیاتر وتی “لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ئاوی بەنداوەکە سەرڕێژی کردووە، ئەمەش وایکردووە چیتر ئاو گلنەدەیەنەوە”.
بەنداوی باوەشاسوار، بەنداوێکی بچووکەو دەکەوێتە سنووری قەزای کفری کە تەنیا ٤.٧ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، بەنداوەکە ساڵی ٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ٢٠١٢ کارەکانی تەواو بووەو ئاوی تێدا ئەمبار کراوە، لە توانای دایە پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاو گڵ بداتەوە.
بەپێی ئاماری هۆبەی کەشناسی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، لە بارانبارینی چەند رۆژی رابردوودا قەزای کفری زیاتر لە ٦٦ ملیم باران باریوە.
عەزیزکەریم، سەرپەرشتیاری بەنداوی باوەشاسوار زیاتر وتیشی “لە ئێستادا رێژەی ئاو لەبەنداوەکە لە دوو ملیۆنەوە گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و١٥٠ هەزار مەتر ئاو سێجا، هەروەها بۆ ئەمساڵ بەتەواوەتی ئاوی یەدەگمان دەبێت بۆ جوتیاران، بەڵام پێویستە جوتیارانیش دەست بە ئاوەکەوە بگرن و سیستەمی ئاودێری بەکار بێنن”.