ئەمریکا و ئێران؛ یارییەک و هەزار ململانێ

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا – هه‌ولێر

ئەمڕۆ له‌ یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قه‌ته‌ڕ، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا و ئێران له‌ یارییه‌كی چاره‌نووسسازدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یارییه‌كه‌ چه‌نده‌ بایه‌خی وه‌رزشی هه‌یه‌، زیاتر له‌وه‌ به‌رگێكی سیاسی هه‌یه‌ و دنیا چاوه‌ڕێی ده‌كات.یارییه‌كه‌ ئه‌مڕۆ كاتژمێر ١٠:٠٠ی شه‌و له‌ یاریگه‌ی سه‌مامه‌ ده‌كرێت، هه‌ردوو تیپیش هه‌وڵی بردنه‌وه‌ ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ قۆناغی شازده‌ی مۆندیال.

ئێران سێ خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مه‌ له‌ دوای ئینگلته‌را، كه‌ ئەمەی دوایی چوار خاڵی هه‌یه‌، هه‌ڵبژاره‌ی ئه‌مریكاش به‌ دوو به‌رامبه‌ربوون دوو خاڵی هێناوه‌ و له‌ پله‌ی سێیه‌مه‌، هه‌رچی هه‌ڵبژارده‌ی وێڵزه‌ ته‌نیا خاڵێكی هه‌یه‌.هاوکات لەو کۆمەڵەیەدا هەر چواریان هیوای سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوویان هەیە.

یاده‌وه‌ری فەڕەنسای ١٩٩٨
هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ بۆ یەکەمجار له‌ مۆندیالی ١٩٩٨ لە فه‌ڕه‌نسا رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ و ئێران به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌.
هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ له‌ یه‌ك كۆمه‌ڵه‌دا بوون و ئێران دووه‌م جار بوو به‌شداریی كۆتاییه‌كانی مۆندیال بكات، بۆیه‌ یارییه‌كه‌ یاده‌وه‌رییه‌كی زیندووی لای ئه‌و كه‌سانه‌ جێهێشتووه‌، كه‌ یارییه‌كه‌یان بینی.یارییەكه‌ لە شاری لیۆنی فەڕەنسا لە ٢١ی حوزەیران بەڕێوەچوو، كه‌ دوای لێدانی سروودی نیشتمانی، یاریزانە ئەمریکییەکان تەوقەیان لەگەڵ نەیارەکانیان کرد و یادگارییان پێشکەش کرد، ئێرانییەکان بە چەپکە گوڵی گوڵەبەڕۆژەی سپی وەڵامیان دایەوە، پێش ئەوەی هەردوو تیپەکە وێنەیەک به‌یه‌كه‌وه‌ بگرن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دنیا چاوه‌ڕێی ململانێیه‌كی توند و به‌گژیه‌كداچوونی نێوان هه‌ردوو تیپ بوون، به‌ڵام یارییه‌كه‌ به‌بێ كێشه‌ و به‌ ته‌وقه‌كردنی یاریزانانی هه‌ردوو تیپ كۆتایی هات.
لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و به‌ بارمتەگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات پچڕاوه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیش هه‌ردوو وڵات كێشه‌ی توندی سیاسی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌.

بەشێک لەو یارییانەی ململانێی سیاسی تێیاندا رەنگی داوەتەوە

ئیتالیا و فەڕەنسا (١٩٣٨)
له‌ ١٩٣٨ و له‌ بارودۆخێكی زۆر گرژی سیاسی، لە ژێر رۆشنایی ده‌سه‌ڵاتی فاشیزم، كه‌ باڵی به‌سه‌ر ئه‌وروپادا كێشابوو، فەڕەنسا میوانداریی سێیەمین مۆندیالی كرد.لە 12ی حوزەیرانی ئه‌و ساڵه‌دا، ئیتالیا و فەڕەنسا لە قۆناغی چارەکی کۆتایی لە یاریگای کۆلۆمبس رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ و ئیتالیا بە ئەنجامی ٣-١ گۆڵ یارییەکەی بردەوە.ئیتالییەکان درێسی رەشیان لەبەردا بوو، هاوشێوەی جلی میلیشیاکانی رژێمی “مۆسۆلینی”، سڵاوێکی فاشیستییان لە ٦٠ هەزار بینەر کرد، ئامادەبووان لەو کاتەدا لە کاتی سروودی نیشمانیی ئیتالیا بە قسەی زل وەڵامیان دایەوە.
لە چاوی “دۆچی” کە نازناوی مۆسۆلینیی فەرمانڕەوای ئەوکاتی ئیتالیا، تۆپی پێ رێگەیەک بوو بۆ پێشاندانی باڵادەستی ئایدۆلۆژیای فاشیستی.
ئیتالیا لەو پاڵه‌وانیه‌تییه‌دا توانی بۆ جاری دووه‌می له‌سه‌ریه‌ك نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

رووبەڕووبوونەوەی هه‌ردوو ئەڵمانیا (١٩٧٤)

لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٧٤، ئەڵمانیای رۆژئاوا و ئه‌ڵمانیای رۆژهەڵات لە شاری هامبۆرگ له‌ ركابه‌رییه‌كانی مۆندیالی ١٩٧٤ لە یاریگەی ڤۆڵکس پارک رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و یاریگە پڕ بوو لە جەماوەر.
یارییه‌كه‌ له‌ ناوەڕاستی شەڕی سارددا بوو، كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ وای كرد ئه‌ڵمانیا ببێت به‌ دوو به‌شه‌وه‌، بۆیه‌ یارییه‌كه‌ له‌ بارێكی گرژی نێوان هەردوولا كرا و تیپه‌كه‌ی رۆژهه‌لات توانی یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ڵمانیای رۆژئاوا له‌ ركابه‌رییه‌كانی خوله‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، دواتر توانی نازناوه‌كه‌ بباته‌وه‌.

ئەرجەنتین و ئینگلتەرا (١٩٨٦)
لە ٢٢ی حوزەیران، ئەرجەنتین و ئینگلتەرا لە قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالی مەکسیک رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، ئەمەش دوای چوار ساڵ لە شەڕی دوورگەکانی فۆڵکلاند، کە تێیدا ٦٤٩ ئەرجەنتینی و ٢٥٥ بەریتانی کوژران.

کەشوهەوای نێوان ئەو دوو تیپە زۆر ئاڵۆز بوو، کە وڵاتەکانیان لە ساڵی ١٩٨٢ پەیوەندیی دیپلۆماسییان پچڕاندبوو.

لە هەر یارییەکی خولەکەدا هاندەرانی ئەرجەنتین لافیتەیان بەدەستەوە بوو، کە لەسەری نووسرابوو “دوورگەکانی فۆڵکلاند ئەرجەنتینین” و گۆرانی ناسیۆنالیستییان دەوتەوە، هەروەها دروشمی “ئینگلیزەکان بکوژن”یان دەگوتەوە.
لە پەراوێزی یارییه‌كه‌شدا، پێکدادان لە نێوان هانده‌ره‌ شه‌ڕانگێزه‌كانی هه‌ردوولا روویدا و به‌ ده‌یان برینداری لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ برینی هه‌ندێكیان قورس بوو.

ئەرجەنتین به‌ سه‌ركردایه‌تی مارادۆنای ئه‌فسانه‌ یارییه‌كه‌ی به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك برده‌وه‌، هه‌ردوو گۆڵه‌كه‌ش مارادۆنا تۆماری كرد، دوو گۆڵ، كه‌ هه‌تا هه‌تا له‌ یاد ناكرێن، یه‌كێكیان به‌ ده‌ست و ئه‌ویتریش به‌ یاریپێكردنی حه‌وت یاریزانی ئینگلیزی.

دیێگۆی ئەفسانەی کۆچکردووی ئەرجەنتین، دوای یارییه‌كه‌ دان بەوەدانا، “ئەوە یاریی کۆتایی بوو بۆ ئێمە، قسە لەسەر بردنەوەی یارییەک نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بە ده‌ركردنی ئینگلیزەکانەوە هەبوو”.

سویسرا و سربیا (٢٠١٨)
رۆژی 22ی حوزەیران لە شاری کالینینگرادی رووسیا، سڕبیا رووبەڕووی سویسرا بووەوە، کە چەندین یاریزانی بە رەچەڵەک کۆسۆڤۆیی لە ریزەکانی هه‌ڵبژارده‌ی سویسرا یارییان ده‌كرد و ئێستاش به‌شێكیان له‌ تیپه‌كه‌دان.
کۆسۆڤۆ هه‌رێمێكی پێشووی سڕبیایە و بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی ئەلبانی تێیدل نیشتەجێن و دواتر وه‌ك وڵاتێك سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست هێنا.

دوای ده‌ ساڵ لە ململانێ، کە دوا جەنگیش بوو بووه‌ هۆی هەڵوەشاندنەوەی یوگۆسلاڤیای پێشوو، کۆسۆڤۆ لە ساڵی ٢٠٠٨ سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، بەڵام لەلایەن سڕبیاوە دانی پێدا نەنرا، ئەمەش وای کرد پەیوەندییەکانی نێوان بەلگراد و پریستینا خراپتر بێت.

“گرانیت ژاکا” لە سویسرا لە خێزانێکی کۆسۆڤۆیی لەدایک بووە و “شێردان شاکیری” لەدایکبووی کۆسۆڤۆیە، دوو گۆڵیان تۆمارکرد و سویسرا بە ٢-١ گۆڵ لە سڕبیای بردەوە.

ئەو دوو یاریزانە له‌ كاتی گۆڵكردن ئاهەنگیان گێڕا و بەرەو هاندەرانی سڕبیا رۆیشتن، دەستیان به‌ پێچه‌وانه‌ لەسەر سینگیان دانا، كه‌ گوزارشت بوو له‌ “هەڵۆی دووانە” به‌ ره‌نگی ره‌ش، کە هێمای ئەلبانیایە و لە ناوەڕاستیدا ئاڵایه‌كی سوور هه‌یه‌، ئه‌م كاره‌ی دوو یاریزانه‌كه‌ تووڕەیی سڕبییه‌كان و میدیای ئه‌و وڵاته‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌ “گێچه‌ڵی شه‌رمه‌زاركه‌ر” وه‌سفیان كرد.

دوای ئه‌م رووداوه‌، فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی تۆپی پێ “فیفا” سزای هه‌ردوو یاریزانی دا و هەریەکەیان بە بڕی ٨٦٦٠ یۆرۆ غەرامە کران.