چوارەم حاڵەتە لەمڕۆدا

گەنجێک لە زێى گەورە خنکا

964+

شۆڕش هەرکی— هەولێر

دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، گەنجێک لە زێى گەورە خنکاوە و تائێستا تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە، ئەوەش چوارەم حاڵەتى خنکانە تەنیا لەمڕۆدا کە لە هەرێمى کوردستان تۆمار بکرێت

ئامانج محەمەد، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی خەبات بە964ـى وت،”گەنجێکی دانیشتووی شاری هەولێر بەمەبەستی مەلەکردن هاتۆتە سەر زێی گەورە، بەڵام بەهۆی نەشارەزایی مەلەکردن، خنکاوە و تاوەکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و شوێنی خنکانی نزیکە لە ئەبوشیتە”.

وتیشی،”گەنجەکە تەمەنی 30 ساڵە و پیشەی کاسبە، کاتژمێر 4:20ـى ئێوارە تیمەکانی ئێمە دەرچوون و بۆ دۆزینەوەى تەرمەکەى”.

ئەمڕۆ هەینى، چوار حاڵەتى خنکان لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە، یەکەمیان لە بەنداوى خاسەى کەرکوک گەنجێک بەرەبەیانى ئەمڕۆ خنکا، دووەمیان ژنێکە لە زێى بچوک لە سنوورى ئاغجەلەر خنکاوە، سێیەمیان پیاوێکى تەمەن 55 ساڵە لە سنوورى زاخۆ خنکاوە، چوارەمیشان ئەو گەنجەیە کە لە زێى گەورەدا خنکاوە.

بەپێى ئەو ئامارانەى 964 لە بەرگرى شارستانى خەبات دەستیکەوتووە، تەنیا ئەمساڵ هەشت کەس لە زێى گەورەدا خنکاون.

بەپێى لێدوانێکى پێشوترى، سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بۆ 964، “لە ماوەی نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵدا 40 حاڵەتی خنکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگاکان تۆمار کراون”، هەروەها لەماوەی 25 رۆژی رابردووشدا تۆڕی 964 داتای 11 رووداوی خنکانی کردووە، کە کۆی گشتی حاڵەتەکانی خنکانی گەیاندووە بە 51 حاڵەت و بەم چوار حاڵەتەى ئەمڕۆشەوە گەیشتووە بە 55 حاڵەتى خنکان.

ئامارەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان دەریدەخەن، ساڵانە نزیکەى 240 هەزارکەس لە جیهاندا دەخنکێن، لە دەیەى رابردووشدا 2.5 ملیۆن کەس لە جیهاندا خنکاون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

رۆژی خۆپاراستنە لە خنکان و ئەوانەشی بەهۆیەوە دەمرن زۆر...

رۆژی خۆپاراستنە لە خنکان و ئەوانەشی بەهۆیەوە دەمرن زۆرترینی منداڵن