لە گەرمیان

 کاڵاى تورکى بایکۆت دەکرێت

964+

میلاد جەلال_گەرمیان

ژمارەیەک چالاکوان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، دژ بە ھێرشەکانی سوپا تورکیا بۆسەر خاکی ھەرێمی کوردستان، ھەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکیان راگەیاندووە.

دلێر کەریم، یەکێکە لەو چالاکوانانە بە 964ـى وت،”دوێنێ پێنج شەممە، لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوان کۆبوینەوە، بەرامبەر ئەو ھێرشانەی تورکیا بڕیارماندا بایکۆتی کاڵای تورکی بکەین و داوادەکەین ھاوڵاتیان ھاوکارمانبن”.

“جگە لە بایکۆتی کاڵای تورکی، لە ھەفتەی داھاتووە ھەڵمەتێکی چاندنی نەمام ئەنجام دەدەین، چونکە تورکیا دارستان و سروشتی کوردستان تێکدەدات، ھەروەھا ژمارەیەک سیمینار و چالاکیتر ئەنجام دەدەین”، دلێر کەریم وای وت.

ئەو چالاکوانە داوا دەکات، هاوڵاتیان هاوکاریانبن لە بایکۆتکردنى کاڵاى تورکى و کاڵاى جێگرەوە بکڕن، وەک خۆى دەڵێت،”ئەگەر نەتوانین بە چەک روبەروویان ببینەوە ئەوا دەتوانین لەڕێی ئابورییەوە دژیان بوەستینەوە”.

سوپاى تورکیا لە 15ـى حوزەیرانى 2024 دا، دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و لە شەش گوندی ناوچەکەدا مانۆڕی سەربازی ئەنجامدا، بەپێى راپۆرتەکەى CPT،  لە 25ـی حوزەیراندا، سوپاکە زاڵگەیەکی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیرکرد، لە رۆژی دواتردا سوپای تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی حەوت بارەگای سەربازی نوێ لەسەر لوتکە چیای گوندەکانی (کانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمکە، بلیجان، کۆرکا و گرێ بی لەسنوری قەزای باتیفا).

لە ساتەوەختی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیاوە، تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPT لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکات، دانیشتووانی گوندی دەرگەلێ موسا بەگی، بە ڕێکخراوی CPT یان راگەیاندووە کە لە رۆژی 27ـی حوزەیراندا، سەربازانی تورکیا چوونەتە ناو گوندەکەیان و ناچاریان کردوون کە گوندەکەیان جێبهێڵین.

ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا، لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و لەسەر زەمین ئەنجامدەدرێت، وەک رێکخراوەکە ئاشکراى کردووە، لە دەڤەری بەرواری باڵادا سوپای تورکیا بە قوڵایی 15 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، پێشتر و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی – هەورەبروسکەدا سوپاکە بە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر تاوەکو گوندی هرورێ هاتبوو و بارەگای سەربازی لەو ناوچەیەدا دامەزراندبوو، بەڵام ئەمجارە بە قوڵایى هەشت کیلۆمەترى دیکە هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستان.

تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)ـى ئەمریکى، رێکخراوێکى تایبەتمەندە بە تۆمارکردنى پێشێلکارییەکانى سوپاى تورکیا و ئێران بۆسەر ناوچە سنوورییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

دهۆک بایکۆتى کاڵا و شمەکى ئێرانى دەکات؟

دهۆک بایکۆتى کاڵا و شمەکى ئێرانى دەکات؟