نەشتەرگەرییەکى سەرکەوتووى بۆ ئەنجامدرا

لە چەمچەماڵ شوشەى گوڵدانێک ریخۆڵەى منداڵێکى خستە دەرەوە

وریا فەتاح

منداڵێکى تەمەن پێنج ساڵان لە قەزاى چەمچەماڵ، دەکەوێت بەسەر گوڵدانێکى شوشەدا و بەهۆیەوە پێستى ورگى دەدرێت و ریخۆڵەکانى دێتە دەرەوە، بەڵام لە نەخۆشخانە نەشتەرگەرییەکى سەرکەوتووى بۆکرا.

دکتۆر هەردى محەمەد، پسپۆڕى نەشتەرگەرى کە ئەو شەوە لە فریاکەوتنى چەمچەماڵ ئێشکگر بووە، کاتژمێر 12:05 خولەکى ئاگادار دەکرێتەوە لە بوونى حاڵەتێکى کتوپڕ.

وەک ئەوەى دکتۆر هەردى قسەى بۆ 964 کرد، رووداوەکە شەوى یەکشەممە لەسەر دووشەممەى هەفتەى رابردوو روویداوە، منداڵێکى تەمەن 5 ساڵ کەوتووە بەسەر شوشەیەکى گوڵداندا و پێستى ورگى بڕیوە و ریخۆڵەى کەوتووەتە دەرەوە.

بە وتەى ئەو پزیشکە، لەگەڵ گەیاندنى منداڵەکە بە نەخۆشخانە، یەکسەر بڕیارى نەشتەرگەرى بۆ دەدات و هەر ئەو شەوە مەترسییەکانى سەر منداڵەکە لا دەدات.

وتیشى،”رۆژى چوارشەممە، منداڵەکە بە تەندروستییەکى باشەوە نەخۆشخانەى جێهێشت”.