پزیشکی دادیی سلێمانی ئامێری پشکنینی DNA نییە

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

ڤیدیۆ

پەیمانگای پزیشکی دادیی لە سلێمانی تاوەکو ئێستا ئامێری پشکنینی DNA نییە، هەروەها ماوەی ١٠ ساڵە ئامێری پشکنینی ژەھر کارناکات، بە قسەی بەڕێوەبەرەکەی.

ئەوە لەکاتێکدایە، سەرجەم کەیسە هەستیارەکانی مردن دەچنەوە ئەو پەیمانگایە و لەوێ دەبێت راپۆرتی ورد و دروست لەبارەی تەرمەکانەوە بدرێت بە لایەنی پەیوەندیدار.

دکتۆر بەرزان محەمەد، بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشکی دادیی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، “لای ئێمە کەیسەکان تەنیا بە رێژەی سەدا ٨٠ یەکلایی دەبنەوە، بۆ ئەوەش پشت بە شیکارییەکانی تاقیگە دەبەستین”.

دەشڵێت، بۆ تاوانە سێکسییەکان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ بەشی بەڵگەی تاوانەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە لای ئەوان ئامێری DNA هەیە.

964+ دەزانێت، بەشێک لە پزیشکەکانی پەیمانگای دادیی سلێمانی چوونەتە دەرەوەی وڵات بۆ بەدەستهێنانی پسپۆڕی لە بابەتی DNA، بەڵام کە دەگەڕێنەوە ئامێرەکەیان نییە.

دکتۆر بەرزان هەندێ زانیاریی دیکەیشی خستەڕوو، وتی لە ئێستادا ١٨ بەفرگریان هەیە کە توانایان هەیە تاوەکو ٢٥ پلەی ژێر سفری سیلیزی تەرمی تیادا هەڵبگیرێت.

پزیشکیی دادیی جیاوازییەکەی لەگەڵ ناوەندە تەندروستییەکانی دیکە ئەوەیە کە، دەبێت سەرجەم کارەکانیان بە بڕیاری دادوەر ئەنجام بدەن.