وادەی پشکنینی چاو بە خۆڕایی لە دەربەندیخان درێژ کرایەوە

964+

توانا نەقی

ماوەی پشکنینی چاو بۆ کەسوکاری شەهیدان و هاوڵاتیان بەبێ بەرامبەر لە قەزای دەربەندیخان درێژ کرایەوە سبەینێش دەتوانن سەردانی لیژنەکە بکەن.

تیمێکی نەخۆشخانەی وێست ئای چاو ماوەی دوو رۆژە لە قەزای دەبەندیخانن و بەبێ بەرامبەر پشکنینی چاو بۆ کەسوکاری شەهیدان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دەبوو کارەکانی ئەو لیژنەیە تەواو بوایە، بەڵام لەسەر داوای قایمقامی دەربەندیخان کاتەکەی ئەمڕۆ بۆ هاوڵاتیان و سبەینێش دووشەممە بۆ کەسوکاری شەهیدان درێژکرایەوە و بەردەوام دەبن.

بەمۆ شێخ نەجیم، سەرپەرشتیاری گروپی وێست ئای بۆ پشکنینی چاو بە 964ی وت، ماوەی دوو رۆژە لە دەربەندیخان بەبێ بەرامبەر پشکنین بۆ چاوی هاوڵاتیان دەکەن و زیاتر لە 600 پشکنینیان ئەنجامداوە.

وتیشی، لەسەر داوای قایمقامی دەربەندیخان سبەینێ دووشەممە بەردەوام دەبن و پشکنینی چاو جگە لە کەسوکاری شەهیدان بۆ هاوڵاتیانی تریش دەکەن ئەگەر سەردانیان بکەن.

964 دەزانێت پشکنینی چاو بە خۆڕایی و بە گەڕۆکی پرۆژەیەکی نەخۆشخانەی وێست ئای چاوە لە سلێمانی کە ئامانجیان خزمەتکردنی ئەو کەسانەیە کە ناتوانن سەردانی نەخۆشخانە بکەن لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

بەمۆ شێخ نەجیم دەشڵێت، بە سێ جۆر ئامێری پێشکەوتوو چەندین پشکنینی جیاواز بۆ چاوی ئەو کەسانە دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە ئۆتۆمبێلێکیان ئامادە کردووە لە شێوەی عەیادەیەکی بچوک کە تەواوی جیهازەکانی تێدایە.

سبەێنی دوو شەممە 29.5.2023 تیمی پشکنینی چاوی وێست ئای لە کاتژمێر 9ـی بەیانی تا 5ـی ئێوارە پشکنینەکان ئەنجامدەدەن لە بەردەم دەرگای سەرەکی پارکی شار لە دەربەندیخان.