ئەمڕۆ بارهەڵگر دێنە هەرێم

هاتوچۆی بازرگانی لە کێلێ کرایەوە و پلانی گەشتیاریش هەیە

ئەحمەد مستەفا

دەروازەی سنووریی کێلێ بە رووی هاتوچۆی بازرگانیدا کرایەوە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتووشدا هاتوچۆی گەشتیارانیش دەست پێ بکاتەوە، ئەوەش دوای نزیکەی مانگێک لە راگرتنی جموجۆڵەکان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە.

بە گوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هاتوچۆی گەشتیاریی ئاسایی بکرێتەوە.

ئەمڕۆ جوارشەممە گومرگی راپەڕین سەرەڕای راگەیاندنی کردنەوەی دەروازەکە بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاری ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رەوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی کێلێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایی بووەتەوە.

وا بڕیارە، زیاتر لە 40 بارهەڵگر بێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران، بە دیاریکراوى لە دیوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە سنوورى قەزاى پشدەر و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە نزیکترین شار لێیەوە سەردەشتە.