باڵەخانەی دادگای دهۆک- وێنە: 964+
نزیکەی دوو ملیار دینار دەبێت بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە
بەڕێوەبەری پێشووی تاپۆی دهۆک ساڵێک زیندانی کرا
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لەسەر سکاڵایەکی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، بەڕێوەبەری پێشووی تاپۆی دهۆک ساڵێک زیندانی کرا و دەبێت نزیکەی دوو ملیار دیناریش بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە.
بڕیارەکە هی دادگای دهۆکە و ئەمڕۆ یەکشەممە 28.5.2023، دەریکردووە و پێشتریش 964، هەواڵی لەسەر ئەو دۆسیەیە بڵاوکردووەتەوە.
سەباح محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی سکاڵاکەی تۆمار کردووە لەسەر تەخشان و پەخشانی زەوی بووە کە بە ملیارێک و 892 ملیۆن دینار خەملێندراوە.
بەڕێوەبەری پێشووی تاپۆی دهۆک لەسەر تەخشان و پەخشانی زەوی ساڵێک زیندانی کرا
پارێزەرێکی دادگای دهۆک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ “سەرۆکایەتی دادگای دهۆک بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی ساڵێک و گەڕاندنەوەی ملیارێک 892 ملیون دینار بۆ حکومەت لە دژی بەڕێوەبەری پێشووی تاپۆی دهۆک دەرکرد”.
زیاتر دەشڵێت: کۆمەڵێک دۆسیە لە دژی هەبوو، بەڵام ورەدەکاری دۆسیەکان نازانم.
سەباح محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک هەموو ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە و بە 964ـی وت، ئەمرۆ دادگای دهۆک بڕیارەکەی دەرکردووە و بەڕێوەبەرەکەی سزا ساڵێک زیندانی و سزای دارایشی داوە.
پیداچوونەوە: فەرمان سادق