هەولێر ٦٩ ملیار دیناری بۆ رێگری لە لافاو خەرجكردووە
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی لافاو، لە هەولێر بە بەهای ٦٩ ملیار دینار پڕۆژە ئەنجامدراوە بۆ دروستکردنی بەربەست و پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان و لێدانی خەندەق.
ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، کە تەنیا ئەمساڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو ٦٩ ملیار دینار لە چەندین پڕۆژەی جیاواز، لە دروستكردنی بەربەست و پاككردنەوەی ئاوەڕۆكان و لێدانی خەندەق، خەرجکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر، بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى چارەسەرى کێشەى لافاو لە قۆناغی یەکەمدا بەبڕى ٣٥ ملیار و ٧٢٨ ملیۆن و ٤٦٨ هەزار دینار چەند پڕۆژەیەک کراوە، لەوانە دانانی بەردی بناغەى پڕۆژەى فراوانکردنى پردى رۆشنبیرى و پردى باغەمرە شەهاب و کەندى شیوەسور لە رێگاى دارەتوو- بنەسلاوە بەگوژمەى ٥١٨ ملیۆن دینار، هەروەها بەگوژمەى ٧٩٢ ملیۆن و ٢٧٢ هەزار دینار بەردى بناغەى دروستکردنى پڕۆژەى دوو پرد لەشارى هەولێر داندراو جێبەجێش کراون.
ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کاتی کردنەوەی هەردوو پردەکەدا رایگەیاند؛ دروستکردنى ئەم دوو پردە جگە لەوەى کاریگەرى دەبێت لەسەر کەمکردنەوەى لافاو، ئەوا ئاسانکاریش دەکات بۆ هاتوچۆى هاوڵاتیان.
لەمساڵدا حکومەت بڕی ٦٩ ملیار و ٦٤٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارى تەرخانکردووە بۆ ئەنجامدانی چەندان پڕۆژەی جیاواز لەچوارچێوەی پلانی بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە شاری هەولێر.
لە مانگی ئابی رابردوودا بە گوژمەى زیاتر لە ١١ ملیار دینار چەند پڕۆژەیەکی دیکە بۆ رێگەگرتن لە دروستبونى لافاو و کەمکردنەوەى زیانەکانى جێبەجێ کران، هاوکات لە مانگی ئەیلولی رابردوودا لە پڕۆژەیەکی تردا بەگوژمەی هەشت ملیارو ٨٠٦ ملیۆن دینار کار کراوە بۆ چارەسەرى کێشەى لافاو لە دەوروبەرى شەقامى ١٥٠ مەترى و رێگاى پیرمام و مەلائۆمەر.
هەر لە چوارچێوەی پلانی بەرەنگاربوونەوەی لافاو، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، دەستکرا بە دروستکردنی ١٤ بۆند لە دەوروبەری هەولێر بەگوژمەی ١٢ ملیار دینارو ٦٣٩ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دینار.
لە راپۆرتەکەی ماڵپەڕی پارێزگاری هەولێر هاتووە کە لەمساڵدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٦٩ ملیار و ٦٤٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزاردینارى تەرخانکردووە بۆ ئەنجامدانی چەندان پڕۆژەی جیاواز لەچوارچێوەی پلانی بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە شاری هەولێر.